کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ جیهانییەکان و پێداگریی رێژیمی ئێران لەسەر کاریگەر نەبوونیان

14:38 - 5 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: دوای داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران، خەساری بەرچاو بە گشتایەتیی ئابووریی ئەو ولاتە کەوتووە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسانی ئەم رێژیمە بەردەوام لە هەوڵی بێ کاریگەریی نواندنی ئەو گەمارۆیانەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە دژی رێژیمی ئێران، خەساری بەرچاو بە ئابووریی ئەو ولاتە گەیشتووە کە دەتوانین ئاماژە بە داخرانی بنکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان، بلوکە کرانی دارایی ئێران لە بانکە دەرەکییەکان، وەرنەگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و رەوتی هەڵکشانی لە رادەبەدەری بێکاری و هەژاری بکەین.

رایەدارانی رێژیمی ئێران وەک خامنەیی و رۆحانی بەردەوام بە پێداگری لەسەر پاشەکشە نەکردنی ئەو رێژیمە لەسەر بەربامەی ناوکی، گەمارۆکانیان بە کۆمەڵێک لاپەڕەی دڕاو لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە کە گەمارۆ ئابوورییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئێران دانەناوە.

حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری رێژیمی ئێران، لە نوێترین وتەکانیدا جەختی لە سەر نەبوونی کاریگەریی گەمارۆکان کردووە و هەروەها لەسەر بەردەوام بوونی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، پێداگریی کردوە.

گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی بە دژی رێژیمی ئێران لە ٦ ساڵ لەمەوبەرەوە لە بوارەکانی ئابووری، زانستی، سیاسی و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە داسەپاوە.

شوورای ئەمنییەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی هەتا ئێستا شەش بڕیارنامەی دژی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران پەسەند کردووە.

گەمارۆکانی شورای وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا، گەمارۆ یەک لایەنەکانی ئامریکا، بریتانیا، هولەند، بلژیک، سوئیس، فەرانسە، ئاڵمان، کانادا و ...و هەروەها گەمارۆکانی کۆنگرەی ئامریکا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەم وڵاتە لە گەمارۆکانی دیکەی دژی رێژیمی
ئێرانە کە بۆ لابردنی هەرکام لەو گەمارۆیانە، پێویستە بڕیارەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوەندانەی کە گەمارۆکانییان پەسەند کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، رۆژی رابردوو پاش درێژ کردنەوەی دووبارەی دانوستانە ناوکییەکان، کاناڵی تەلەفیزیۆنی  CNNدوای بێ‌ئاکام مانەوەی دانوستانە ناوکییەکان، لە زاری کۆماریخوزاەکانی ئامریکا و لە ناوەڕۆکی راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە گەمارۆی قورستر بە دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن.