کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێد رۆیس: گوشاری ئابووری قورستر بۆ سەر رێژیمی ئێران بەڕێوەیە

19:03 - 5 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی کومیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا سەبارەت بە پاشەکشە نەکردنی رێژیمی ئێران لە بەرنامەی ناوکی و درێژبوونەوەی دانوستانەکان، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێد رۆیس سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە سیاسەتی رێژیمی ئێران نەگۆڕە و تاقە بڕیاردەر لەو رێژیمە، ولایەتی فەقیهە و رایگەیاندووە هیچ هۆکارێک نییە کە وا بیر بکەینەوە ئەوە وەلی فەقیهی رێژیمی ئێران لەم چەند مانگەی داهاتوودا بە جۆرێکی دیکە دەڕوانێتە ئەو پرسە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیانییەدا سەرۆکی کومیتەی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا دانی بەوە داناوە کە دانوستانەکان هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر دۆخی بەرنامەی ناوکی ئێران نەبووە.

ئەو سێناتۆرە کۆماریخوازەی ئامریکا جەختی کردووەتەوە: کات بە قازانجی رێژیمی تارانە تێپەڕ دەبێت، لەبەر ئەوەیکە بە توێژینەوە و بەرهەمهێنانی سانتریفیووژەکان درێژە دەدات.

دوای بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان و دەستپێڕانەگەیشتن بە رێکەوتن لە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆماریخوازەکانی ئامریکا درێژبوونەوەی دانوستانی ناوکی بە قازانجی رێژیمی ئێران دەزانن و رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران تەنیا لە هەوڵی کڕینی کات دایە و بە درێژکردنەوەی دانوستانەکان بە ئامانجی خۆی گەیشتووە.

مارک کێرک و رابێرت مێنێندێز، لە سیناتۆرە پلەبەرزەکانی سەر بە دوو لایەنی کۆماریخواز و دێموکراتی ئامریکا، رایانگەیاندووە کە چەندین گەڵاڵە بۆ قورستر و زیاترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان بە دژی رێژیمی ئێران رادەستی کۆنگرە دەکەن.

سێناتۆری کۆماریخواز مارک کێرک و سێناتۆری دێموکرات رابێرت مێنێندێز، چەند ساڵ پێش ئێستا بە پێشنیارکردنی گەڵاڵەی گەمارۆ نەوتییەکان بە دژی رێژیمی ئێران و پەسند کردنی ئەو گەڵاڵەیە، ئابووری ئێرانیان لە هەڵسووڕان خست.
کاناڵی تەلەفیزیۆنی  CNNدوای بێ‌ئاکام مانەوەی دانوستانە ناوکییەکان، لە زاری کۆماریخوزاەکانی ئامریکا و لە ناوەڕۆکی راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە گەمارۆی قورستر بە دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن.

سیناتور جان مەکێن، سیناتور لیندزی گراهام و سیناتور کلی ئایوت لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە کە لە ئەگەری درێژکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان لەگەل رێژیمی ئێران گەمارۆی ئابووریی توندتر بە دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن.