کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی لقی ئامریکای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە واشینگتۆن

20:08 - 5 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، لقی ئەم کۆنگرەیان لە واشنگتۆن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە سەر داواکاری کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – ئامریکا، حیزبە سیاسییەکانی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە واشینگتۆن کۆبوونەوەیان پێکهێنا.

ئەم دانیشتیە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی دەستی پێکرد.

دواتر بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – ئامریکا، چەند وتەیەکی سەبارەت بە پێویستیی دامەزراندنی لقی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەش کرد.

لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار، تێڕوانینی خۆیان لە سەر دامەزراندنی لقی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە وڵاتی ئامریکا پێشکەشکرد.

لە ئەم دانیشتنە، پرۆژەی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ – لقی ئامریکا پەسەند کرا.

هەروەها لەو دانیشتنەدا، پرۆژە و رێوشوێنی گونجاو بۆ هەڵسووڕان لە داهاتوودا گەڵاڵە کرا.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – ئامریکا لەم کۆبوونەوەیەدا، وێڕای خستنەرووی روانگەکانی خۆی لە سەر چۆنییەتی کار و خەباتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، رایگەیاند کە بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوان دەبن بۆ ئەوەی کە لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو بن.