کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ سمیناری کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

20:19 - 5 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: کومیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بە بۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، سمینارێکی لە شاری ئۆرێبرۆ پێک هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بە بۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان سمینارێکی لە شاری ئۆرێبرۆ پێک هێنا.

سمینارەکە بە رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان بە تایبەت ژنانی قارەمان و لە خۆبردووی کۆبانی بە راگرتنی چەند سات بێ دەنگی دەستی بە کارەکانی کرد.

مەستوورە سوڵتانی بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لە سەرەتای کاری سمینارەکەدا لە سەر مێژووی ٢٥ی نۆامبر و ناولێنانی ئەو رۆژە وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوە دژی توندوتیژی، باسێکی کورتی پێشکەش کرد و هاوکات تیشکی خستە سەر شێوازە جیا جیاکانی توندوتیژی بە دژی ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەتی.

ئەو سمینارە بە سەر سێ تەوەری جیاوازدا دابەش کرابوو کە لە هەر کام لەو بەشانەدا باس و بابەتی تایبەت پێشکەش کران.

تەوەری یەکەم بە باسێک لە سەر توندوتیژی تەرخان کرابوو.

کاکه برا ئەلیاسی لە سەر توندوتیژی له کۆمەڵگادا به دژی ژن به گشتی باسێکی پێشکەش کرد و هاوکات باسی لەوە کرد کە توندوتیژی لە کۆمەڵگادا تەنیا لە دژی ژنان نیە و زۆر جار پیاوانیش لەلایەن ژنانەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.
ناو براو ئاماژەی بەوە کرد کە توندوتیژی دیاردەیەکی جهیانی و تایبەت نیە بە کۆمەڵگایەک یان نەتەوەیەک؛ ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەو دیاردەیە لە هەندێک کۆمەڵگادا کەم بووەتەوە و مەخابن لە هەندێک کۆمەڵگایشدا پەرەی ئەستاندووە.

لە بەشێكی دیکەی باسەکەیدا کاکە برا وتی: بەپێی ئامارێک کە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی‌دا بڵاو بووەتەوە لە وڵاتانی سکاندیناوی لە سەدا ٢٠ی ژنان و لە سەدا ١٤ی پیاوانی سەروی تەمەن ١٨ ساڵ لانیکەم جارێک تووشی توندوتیژی بوونەتەوە کە پیاوان باس لە توندوتیژی جار و بار دەکەن بەڵام ژنان باس لە توندوتیژی بە بەردەوامی دەکەن.

تەوەری دووهەمی سمینارەکە لەلایەن سەکینە جەوانمەرد بە سڵاو و رێز بۆ شەهیدانی شنگال و کۆبانێ دەستی پێ کرد.
ناوبراو وتی: ئەو ژنه کوردانەی که چەک له شان هاوشان لەگەڵ پیاوەکان بۆ پاراستنی کورد و سەروەری کوردستان له جەرگه ی شەڕدان، جێگای شانازی و فەخری کۆمەڵگای کوردەواری به گشتی و بە تایبەت بۆ ژنانی کوردن.

ناوبراو وێڕای سپاس و دەست خۆشی لە ژنانی قارەمانی شنگال و کۆبانی، داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی و ژنانی تێکۆشەر کرد کە بۆ رزگاریی ژنانی کوردی ئێزیدی شنگال لە دەست گرووپی تێرۆریستی داعش هەنگاو هەڵ بێننەوە و ئیتر رێگا نەدەن کە وەک بەردەی جینسی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێ و بە درەندانەترین شێوە بۆ مەرامە گڵاوەکانیان بە کاریان بێنن.

جەوانمەرد باسی لە توندوتیژیە سیستماتییەکانی شەڕەکانی بۆسی لە باڵکان و هەروەها لە دواییانەشدا هێرش و دڕەندەییەکانی گرووپی تێرۆریستی داعشی کرد و وتی: رۆژگارێک لە بۆسنی مەسحییەکان لە دژی ژنە موسوڵمانە بۆسنیاییەکان و لە ئێستاشدا گرووپی تێرۆریستی داعش بە ناوی ئیسلام کڕین و فرۆشتن بە ژنانی ئێزیدیەوە دەکەن و لە هەر دوو حاڵەتیشدا هەر ژنان قوربانی توند و تیژی دەبن.

تەوەری سێهەم کە کۆتایی سمینارەکە بوو، کۆتایی باسێک بوو لە سەر ماددە هۆشبەرەکان؛ کە حەیدە حەمدی لەو بارەدا باسێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە کرد و وتی: نەبوونی بەرنامە و پلانی تایبەت بە لاوان و بێ هیوابوونی گەنجان لە داهاتوو، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەوتنە داوی ئەو نەخۆشییەیە و هاوکات ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر لە بنەماڵەیەکدا یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە تووشی ماددەهۆشبەرەکان بێت سەرجەم بنەماڵەکە بە دەستی ئەو نەخۆشییەوە گرفتار دەبن و جگە لەوەش ئەگەر کەسێک تووشی ماددەهۆشبەرەکان بێت ناوەندێک نیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسە بۆ ئەوەیکە بتوانێت دەستبەرداری ئەو بەڵا ماڵ وێرانکەرە بێت.