کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە

13:34 - 6 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی بۆکان کە شووناسی لوقمان سەمیعی راگەیەندراوە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی رێژیمی ئیسلامی دەستبەسەر کراوە.

ئاژانسی کوردپا رایگەیاندووە کە دەستبەسەر کرانی لوقمان سەمیعی، خاوەن بڕوانامەی کارناسیی باڵای زانستە سیاسییەکان، هاوکاتە لەگەڵ توندتر بوونەوەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران.

هەر لەم پێوەندییەدا، دوابەدوای راگەیاندنی مانگرتنی گشتی لەلایەن هاووڵاتییانی کوردی خەڵكی مەهاباد لە پاش راپرسیی ناوەندی دەنگ و رەنگی ئەو شارە، شەپۆلی دەستبەسەر کردن و بانگهێشتی هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندەکانی سەربە رێژیمی ئسلامیی ئێران دەستی پێکرد.

سۆران یاهوو، خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی سلێمان و کامیار نازمی، شوناسی سێ هاووڵاتیی دیکەی دەستبەسەر کراوی شاری مەهاباد راگەیەندراوە کە هەنووکە لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.