کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مافی ژنان و منداڵان لە سـنە

15:27 - 6 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مەنیژە سادقی چالاکی کوردی بواری مافی ژنان و منداڵان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری سـنە مەنیژە سادقی چالاکی بواری ژنان ومنداڵانیان دەستبەسەر کرد.

مەنیژە سادقی لە چالاکانی بواری مافی ژنان و منداڵان، دوای پشکنینی ماڵ و کەل‌وپەلی شەخسیی، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەستیان بە سەرهەندێک لە کەل‌وپەلی شەخسی وەک کتێب، کامپیۆتێر و موبایلی مەنیژە و منداڵانی ئەو ژنە هەڵسووڕەدا گرتووە.

هەتا ئێستا هیچ راپۆرتێک لەسەر دۆخی ئەو ژنە کوردە دوای دەستبەسەرکران و راگواستنی، لە بەر دەست‌دا نییە.

مەنیژە سادقی چالاکی مافی ژنان و منداڵان ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی لە رێگای هەڵسووڕانی سیاسی، لە کاتێکدا کە بە مەبەستی زانیاری سەبارەت بە حوکمەکەی سەردانی دادگای ئینقلابی سنـەی کردبوو، دەستبەسەر کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا و لە درێژەی شەپۆلی تازەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێسلامیی ئێران، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوی قاسم سەمیعی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.

هەروەها دوای راگەیاندنی مانگرتنی گشتی لەلایەن هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی مەهاباد سەبارەت بە هەرانانەوەی راپرسی دەنگ و رەنگی مەهاباد، شەپۆلێک لە بانگهێشت و دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان شارستانی مەهابادی گرتەوە کە زیاتر لە سەد هاووڵاتیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بانگهێشت و دەستبەسەر کران.

خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی سولەیمان و کامیار نازمی شوناسی دوو هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەر کراون.