کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی دوحە: رێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکەیە

19:40 - 6 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: شورای هاوکاریی کەنداو، لە راگەیەندراوێکدا خوازیاری کۆتایی پێهێنان بە دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بوون.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی شرق الاوسط، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە شورای هاوکاریی کەنداو و دوو وڵاتی ئوردون و مەراکش لە کۆتایی کۆبوونەوەی دوحە لە قەتەر، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی دوحە، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو نیگەرانیی خۆیان لە دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی رێژیمی ئێڕان لە هەڵگیرسانی قەیرانی ئێستای ناوچەکە، دەربڕی.

هەروەها، لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی دوحە بانگەشەیەکی گشتگر بۆ کۆتایی پێهێنان بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران بڵاو کراوەتەوە و راگەیەندراوە کە گێچەڵ کردنی رێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی سەقامگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

شورای هاوکاریی کەنداو، رێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی، دوای هەڕەشەکانی رێژیمی بە دەسەڵات گەیشتووی ئێران، لە وڵاتانی عەرەبستانی سەعودی، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و عەمان لە پێناو هەڵگرتنی هەڵویستی هاوبەش لە بەرامبەر ئەو رێژیمە، پێک هات.

رێژیمی ئێران بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی، بەردەوام لە دەستێوەردانی کاروباری وڵاتی دیکە کەڵکی وەرگرتووە و زۆربەی کارناسان لە سەر ئەو باوەڕەن کە رێژیمی ئێڕان سەرەکیترین هۆکاری قەیرانی هەنووکەیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیی لە رێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، سەرەکیترین هۆکارگەلێکن کە ئەم رێژیمە هەنووکە لە جیهاندا وەک گەورەترین پاڵپشتی ماڵیی تیرۆریزم بناسێندرێت.