کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هێمنانەی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهوازی، دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی لێ کەوتەوە

15:48 - 7 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهوازی کە بۆ پشتیوانی لە چۆمی کارون و ناڕەزایەتی سەبارەت بە دووفاقیەتی سیاسەتی رێژیمی ئێران بەڕێوە چوو، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ سەرکوت و دەستبەسەرکران بەرەوڕوو بووەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو کۆبوونەوە مەدەنیە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداریی سەدان کەس لە هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهوازی بەڕێوە چوو.

کۆبووەنەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهوازی لەگەڵ هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران بەرەوڕوو بووە و ژمارەیەکیش لە هاووڵاتییانی ناڕازی، دەستبەسەر کران.

چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز شوناسی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانیان شاهین کەعبی، خالید مەهاوی، ناجی عەبیات، عەبدوڵڵا عەبیات، مەهدی بەیت سەیاح و حمادی راگەیاندووە و بڵاویان کردووەتەوە کە هەتا ئێستا لە شوناسی ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەی رۆژی پێنجشەممە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هەتا ئێستا لە شوێن و چارەنووسی دەستبەسەرکراون هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام کۆبوونەوەی هێمنانەی هاووڵاتییان بە سەرکوت، بانگهێشت و دەستبەسەرکردن وڵام دەداتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوای هێرشی هێزەکانی گرووپی تێرۆریستی داعش بۆ سنوورەکانی کوردستان و بەرخۆدانی کۆبانێ، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بە رێپێوان و کۆکردنەوەی یارمەتی پاڵپشتییان لە شاری کۆبانی دەربڕی.
رێپێوان و کۆبووەنەوەی هاووڵاتییانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە کۆبانی کە لە هەموو شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو، لەلایەن هێزە ئینتزامیی و ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرکوت کرا و سەدان هاووڵاتی دەستبەسەر کران.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن ٢٣٠ کەس لە بەشداربوانی کۆبوونەوەکانی پاڵپشتی لە کۆبانی دەستبەسەر کراون و سەدان هاووڵاتیی کوردیش بانگهێشت کراون.