کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوروە/ هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کرا

19:33 - 8 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کوردستانی، رۆژانە یەک هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە حەفتەی رابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی قوروە بە ناوی هادی تەهماسبی و دەستبەسەریان کردووە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردەوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی دوای چوونە ژوورەوەی نایاسایی، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش تێپەڕکردنی چەند رۆژ لە دەستبەسەر کرانی هەروا ناڕوون ماوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سنە، ژنێکی کورد بە ناوی مەنیژە سادقییان دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستەوە.

هەروەها، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بۆکان کە شوناسی لوقمان سەمیعی راگەیەندراوە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە.

سۆران یاهوو، خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ ساڵە و کوڕی سلێمان و کامیار نازمی، شوناسی سێ هاووڵاتیی دیکەی دەستبەسەر کراوی ئەم دواییانەی کوردستانن.

بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی سەرماوەزی ئەساڵدا، ٩ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەنووکە هیچ زانیارییەک لە بارودۆخییان بڵاو نەکراوەتەوە.