کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی مانگرتن لە زیندانی ئورمیە و کاردانەوەی زیندانییانی سیاسیی کورد

16:14 - 9 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: زیندانییانی سیاسیی زیندانی مەرکەزیی زاهیدان و سنە، پاڵپشتیی خۆیان لە مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە (دەریا) کە بۆ دەربڕینی نارەزایەتی سەبارەت بە نالەباربوونی بارودۆخیان ئەو هەوڵەیان دابوو، بۆ یازدەهەمین رۆژ درێژەی پێدرا.

مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە لە رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە هۆی پێڕانەگەیشتن بە کێشە و گرفتی ناو زیندان و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی بەرپرسەکان دەستی پێکرد.

پاش درێژەپێدانی مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە و دەست هەڵنەگرتن لە داواکارییەکانییان سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان، زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندی زاهیدان و سنە، پشتیوانی خۆیان لەو مانگرتنە راگەیاند.

بەشێک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی مەرکەزیی زاهیدان کە ژمارەیان لەلایەن کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسیی و مەدەنی ٢٠ کەس راگەیەندراوە، پشتیوانی خۆیان لە مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کورد بە بڵاو کردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و رێپۆرتنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، رایانگەیاندوە.

زیندانییانی سیاسیی زاهیدان لە نامەیەکی سەرئاواەڵادا رایانگەیاندووە کە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئەورمیە، ئەوانیش لە هەوڵێکی هاوشێوەدا ماندەگرن.

هەروەها، زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزیی سنە لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆیان لە زیندانیانی ئورمیە دەربڕیوە و جەختییان کردووە کە جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە، مانگرتنی ئەوانیشی بە دواوە دەبێت.

راگرتنی رەوتی زەخت خستنە سەر زیندانییانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، پێدانی مۆڵەتی مولاقات و کەڵک وەرگرتن لە تەلەفونی گشتی زیندان و جیا کردنەوەی زینندانییانی سیاسی لەگەڵ تاوانبارانی تاوانە گشتی و تایبەتەکان لە ویستەکانی دیکەی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیەیە.

دوای لە دەستپێکی مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە لە رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرپرسانی زیندان چەند جار بە زیندانییانی سیاسی سەبارەت بە پێڕاگەیشتن بە کێشە و گرفتی ناو زیندان بەڵێنییان داوە، بەڵام پاش درێژەدانی مانگرتنی زیندانییان، بەرپرسانی زیندان دەستییان بە هەڕەشەی جۆراوجۆر وەک بەرزکردنەوەی رێژەی زیندانییانی ناو بەندەکان کردووە.

مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان، ماوەی یازدە رۆژە هەروا بەردەوامە.