کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسی هاووڵاتییەکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانەی کوردستان کەوتەڕوو

18:37 - 9 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: شوناسی هاووڵاتییەکی کوردی دیکەی خەڵکی گوندی گامیش گولی سەر بە شاری بۆکان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەربوونی دوو حەوتوو کەوتەڕوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری میاندواو دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی گامێش گولی سەر بە شاری بۆکان‌یان دەستبەسەر کردبوو.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا شوناسی یەکێک لەو دەستبەسەرکراوانەی سەعید سپاهی راگەیاندبوو.

بەپێی نویترین راپۆرتە بڵاوکراوەکان، لاوێکی خەڵکی گوندی گامێش گولی سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان وێڕای سەعید سپاهی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی دەستبەسەر کرابوو.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە میلاد عەبدی کوڕی مەجید راگەیەندراوە.

دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.

هەرلەو پەیوەندییەدا هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری قوروە بە شێوەی نایاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی هادی تەهماسبی و دەستبەسەریان کردووە.

هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردەیش هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەر دەست دایە، لە ماوەی ئەو مانگەدا ١٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.