کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نادیاری ١٥٠ کرێکاری دەرکراوی شارەوانیی مەریوان و پێنەدانی مووچەکانیان

14:37 - 11 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: چارەنووسی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی فەزای سەوزی شارەوانیی مەریوان، بە بێ وەرگرتنی مووچەی دوو مانگیان، هەروا نادیار ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ساڵانە بە دەستپێکردنی وەرزی زوقم و سەرما، ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران لە کوردستان کە بە کرێکارانی وەرزی ناویان لێدەبرێت، لە سەر کار دەر دەکردرێن.

پاش مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شارەوانیی مەریوان، زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری فەزای سەوزی ئەم ناوەندەی کە تا ئێستایش مووچەی دوو مانگیان پێ نەدراوە، لە سەر کارەکانیان دەرکرد.

دەوترێت کە رێژەیەکی هەرە زۆری ئەم کرێکارانە، سەرپەرەست و دابینکەری بژێویی ژیانی بنەماڵەکانیانن.

پاش تێپەڕبوونی نزیک بە دوو حەفتە لە بێکار بوونی ئەم ١٥٠ کرێکارە، شارەوانیی مەریوان هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکی بۆ مووچەی دواکەوتووی ئەم کرێکارانە نەداوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە خاوەنکارێکی شارەوانی مەریوان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هیچ گرێبەستێکی لەگەڵ کرێکارانی کورد لە ماوەی چەند مانگ کار کردنیان نەبەستووە.

دەوترێت کە ٧٠ کەس لەو کرێکارانەی پێترۆشیمیی ئیلام بە پێشینەی کاری ٢ هەتا ١٠ ساڵ لە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ بێ پاساو لەلایەن کارفەرماکانی پێترۆشیمیی ئیلام دەرکراون و چەند رۆژ دوای دەرکرانی ئەو کرێکارانە زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری تازەیان بە بیانووی کەمیی هێزی مرۆیی لەلایەن هەمان کارفەرماکانەوە دامەزراون.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لە زۆربەی پڕۆژە پیشەییەکانی ناوەندەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، کرێکارانی خۆجێیی درکراون و ئەمەش بووەتە هۆی زۆر بوونی رێژەی بێکاری لە کوردستانی ئێران.