کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێزدەهەمین رۆژی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد

20:50 - 11 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتنێکی بەرین، بۆ پاڵپشتی لە زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزی ئورمیە، زۆربەی زیندانەکانی ئێرانی گرتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کاتێکدا کە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە (دەریا) چووەتە ناو سێزدەهەمین رۆژی خۆی، زۆربەی زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی رێژیمی ئێران، پاڵپشتیی خۆیان لەو زیندانییانە دەربڕیوە.

زیندانییانی سیاسیی زیندانی مەرکەزیی زاهیدان، سـنە، رەجایی شار و ژمارەیەک لەو زیندانییانە کە بۆ باشووری ئێران دوورخراونەتەوە، لە کردەوەیەکی هاوشێوەدا پاڵپشتیی خۆیان لە زیندانییانی کوردی زیندانی ئورمیە دەربڕیوە.

دەوترێت کە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مانگی سەرماوەزی ساڵی١٣٩١ی هەتاوی، بەندی زیندانییانی سیاسیی هەڵوەشاندووەتەوە و ئەوانی بۆ بەندی تاوانەکانی تایبەت و گشتییەکان راگواستووە.

هەروەها لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە تاونبارانی تاوانە تایبەتەکان وەک قەتڵ، دزی، دەستدریێژی (تجاوز بە عنف)، قاچاغ و کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی راگۆێزراون.

دوای ئەو رووداوانە کە لەلایەن بەرپرسانی زیندان و بە بڕیاری راستەوخۆی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم ئەنجام دراوە، ٢٩ کەس لە زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە بە شێوەی گرووپی لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی مانیان لە خواردن گرتووە.

عەلی ئەفشاری، جەعفەر ئەفشاری، وەلی ئەفشاری، حەبیب ئەفشاری، مەنسوور ئاروەند، کەیهان دەروێشی، شێرکۆ حەسەن‌پوور، محەممەد عەبدوڵلاهی، خزر رەسووڵی‌ڕاد، سامان نەسیم، ئەمیر مەلادۆست، سیروان نەژاوی، جەعفەر میرزایی، ئیبراهیم رەزاپوور، محەممەد عەبدولبەخت، عەبدوڵلا ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەبدولرەحمان سلێمان، سەید سامی حوسێنی، عەبدوڵڵا مەحموودی، ئەحمەد تەمۆیی، بێهرووز ئاڵخانی، مستەفا ئەلڕەحمان، یووسف کاکەمەمی، سەید جەماڵ محەممەدی، عەلیرەزا رەسووڵی، شۆڕش ئەفشاری و مستەفا داوودی ئەو زیندانییانەن کە سەبارەت بە دۆخی نالەباری خۆیان لە زیندانی مەرکەزیی ئورمیە، مانیان لە خواردن گرتووە.

بەرپرسانی زیندان لە سەرەتای مانگرتنی زیندانیان بە وادە و بەڵێنی و هەڕەشە لە زیندانییانی سیاسی ویستیان کۆتایی بە مانگرتنی زیندانییان بێنن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی بەرپرسەکان، زیندانییان دەستیان لە مانگرتن هەڵنەگرت.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی مەنسوور ئاروەند یەکێک لە مانگرتووان، بە بیانووی مەلاقات لە دەرەوەی بەند و لە سەر بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات بۆ زیندانیی مەرەکەزیی شاری مەهاباد گوازراوەتەوە.

هەروەها بە گشتگیربوونی مانگرتنی زیندانییان، ئەمیر مەلا دووست لە زیندانییانی سیاسیی کورد بۆ مەرەخەسی نێردراوە و هەروەها جەعفەر ئەفشاری بۆ بەندی کارگاە کە تایبەت بۆ تاوانەکانی ماددە سڕکەرەکانە، راگوێزراوە.

هەروەها ٢٠ زیندانی سیاسیی، زیندانی مەرکەزیی زاهیدان سەرەڕای مانگرتنی گرووپی، نامەیەکی سەر ئاوەڵایان بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هەواڵنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کردەوە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی کە مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە لە یازدەهەمین رۆژی خۆی دابوو، زیندانییانی سیاسیی رەجای شار لە هەوڵێکدا بۆ پشتیوانیی ئەوان مانیان لە خواردن گرت.

لەو پەیوەندییەدا زیندانییانی سیاسیی کورد کە بۆ باشووری ئێران دوورخراونەتەوە بە مەبەستی پشتیوانی مانیان لە خواردن گرتوە.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە تەلەفوونەکانی زیندانی ئورمیە بۆ پێشگرتن لە چوونە دەرەوەی زانیاری سەبارەت بە دۆخی زیندانییانی سیاسی، پچڕاوە.