کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاریکارییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارەکانی سووریە راگیرا

12:41 - 12 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی جیهانیی خۆراک، بە هۆی کەمیی بودجە هاریکاریی نزیک بە دوو میلیۆن ئاوارەی سووری، رادەگرێت.
بەپێی راپۆرتی هەاڵدەریی رۆیتێرز، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی جیهانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان  (un world food programme) رایگەیاند کە بە هۆی کەمیی بوودجە و کێشەی ماڵی، لەمەبەدوا درێژەدان بە هاریکارییەکانی بۆ زیاتر لە ١ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارەی سووریەی، پێناکرێ.

ئەو ئاوارانەی سووریە کە لە وڵاتانی تورکیە، ئۆردۆن، لوبنان و میسر نیشتەجێن، هەتا ئێستا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆپنی خۆراکیان وەرگرتووە، بەڵام ئیتر ناتوانن کەڵک لەو کۆپنە وەربگرن.

بەپێی راپۆرتەکانی (W.F.P) گەیاندنی خۆراک بە ئاوارەکانی سووریە، پێویستی بە بڕی پارەی مانگانە ٦٤ میلیۆن دولار هەیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە راپۆرتێکدا دۆخی زیاتر لە ١ میلیۆن ئاوارەی سووریەی نالەبار راگەیاندووە و ئەوەی دەرخستووە کە ئەو ئاوارانە لەبەر بێبەری بوونی لە پێداویستیی وەرزی سەرما، لە ژێر هەڕەشەی رەقبردووییدا بەسەر دەبەن.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەنووکە ١٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووری پێویستیان بە یارمەتیی مرۆڤدۆستانە هەیە.

٧ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە نێوخۆی سووریە بێ ماڵ‌وحاڵ بوونە و هەروەها ٣ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسی دیکەش لە سووریە هەڵاوتوون.

لە سەرەتای شەڕ و تێکهەڵچوونەکەنی سووریە، هێزەکانی سپای پاسداران و هێزی میلیشایی بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ژێر ناوی پارێزەرانی حەرەمی زەینەب شان بە شانی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەشار ئەسەد، رۆڵێکی بەرچاویان لە کوشتنی خەڵکی سێڤیل هەبووە.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یا لە ژێر ناوی وەکوو بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی سووریە بەشدارن و شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی سووریە هاووڵاتییان دەکوژن.