کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری هەمەلایەنە بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو زیادی کردووە

18:42 - 12 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: پاڵپشتیی زیندانیانی سیاسی لە مانگرتووانی کوردی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە، لەگەڵ گوشاری زیاتری مەئمووران و بەرپرسانی پەیوەندیدار بەرەڕوو بووەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرپرسانی زیندانی زاهیدان هێرشیان کردووەتە سەر محەممەد ئەمین ئاگووشی لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو زیندانە.

محەممەد ئەمین ئاگووشی وێڕای چەند کەسی دیکە لە زیندانیانی سیاسیی زاهیدان بۆ پاڵپشتی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە کە ئەمڕۆ ١٤ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، دەستی داوەتە مانگرتن و دواتر هەر لەبەر ئەوەش لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بێ رێزیی پێکراوە.

بەپێی راپۆرتی ئەو سەرچاوە هەواڵدەرییە، کەل‌وپەلی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە هۆی پشکنین و تێکدانیان لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە، بە کەڵکهاتووییان نەماوە و تەنانەت یەکێک لە پشکێنەرانی زیندانی زاهیدان بە ناوی غەدیر جل‌وبەرگی ئەو زیندانییە سیاسییەی دڕاندووە و بە شێوەیەکی نەشیاو وەک سووکایەتی پێکردنێک، لەشی ئەو زیندانییەی پشکنیوە.

کردەوەی ئەو پشکێنەرەی زیندان و هێرشی ئەو کەسە بە هاوکاریی پاسدارەکانی بەندی ٦ی زیندانی مەرکەزیی زاهیدان بۆ سەر ژووری تاکە کەسیی محەممەد ئەمین ئاگووشی؛ ناڕەزایەتی بەشێکی بەرچاو لە زیندانیانی سیاسیی زاهیدانی لێکەوتەوە.

محەممەد ئەمین ئاگووشی سەرەتای ساڵی رابردوو بە هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی قووەی قەزائییە ئیزنی مەرەخەسی و ئازادی مەرجداریان پێ نەدابوو، مانی لە خواردن گرتبوو.

ئاگووشی بە تۆمەتی سیخۆڕی بە قازانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان و موحاریبە لە رێگای هاوکاریی لەگەڵ گرووپەکانی دژ بە نیزام لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر کرا و ماوەی ٧ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی دابووە و دواتر لە لقی دادگای نیزامی بە ئیعدام بە شێوەی گوللـەباران مەحکوم کرا کە ئەو حوکمەش لەلایەن دیوانی باڵای رێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دوای پێداچوونە بە ١٠ ساڵ زیندان و دووەخرانەوە کەم کرایەوە و هەنووکە لە زیندانی مەرکەزیی زاهیدان ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.