کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم بریندار بوو

19:21 - 12 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، کۆڵبەرێکی کوردیان دایە بەر تەقەی راستەوخۆ.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر٥ی سەرلە بەیانی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەشی خاومیرئاوا، کۆمەڵێک کۆڵبەریان دایەبەر تەقەی راستە وخۆ.

لەو دەستڕێژییەدا کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە نزیک گوندی هانە شێخان و گاگل رووی دا، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سنە بە ناوی عەلی تامە کەوتەبەر تەقەی راستە وخۆی هێزە نیزامییەکان و بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەر لەم رووداوەدا، ٨ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران بە کوشت چوون و کەلوپەلی کاسبکارانیش دەستییان بە سەردا گیرا.

هەروەها، هیزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان و لە رێگەوبانەکانی کوردستان، تەنیا بە گومانی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاغ هاووڵاتییانی کورد دەدەنە بەر تەقەی راستە وخۆ.

لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٦٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هیزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران کەوتوونەتە بەر تەقەی راستە و خۆ و کوژراون و بریندار بوون.