کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ رۆژ مانگرتن لە خواردن/ هەڕەشەی کاربەدەستانی زیندان بە جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدام و دوورخستنەوە

18:29 - 13 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کوردی زیندانی ئورمیە و پاڵپشتیی زیندانیانی سیاسی دیکە لە ئێران، لە رۆژی پازدەیەمی خۆیدا لەگەڵ چڕتربوونەوەی هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان، پێی نایە قۆناغێکی دیکە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە، لە زیندانیانی سیاسیی کوردی ئەو زیندانە کە ماوەی ١٥ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، هەڕەشە دەکەن.

بەرپرسانی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە (دەریا) لەو زیندانیانە کە حوکمی ئیعدامیان لەسەرە، هەڕەشەیان کردووە کە حوکمەکەیان جێبەجێ دەکەن.

دوورخستنەوەی زیندانیانی سیاسیی ئورمیە بۆ زیندانەکانی دیکە، لە هەڕشەکانیتری بەرپرسانی زیندانی ئورمیە راگەیەندراوە.

بەپێی نوێترین راپۆرتەکان، مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان، وەک خۆی دریژەی هەیە.

٢٩ زیندانیی سیاسیی کوردی مانگرتوو لە ئێستادا زەختیان خراوەتە سەر و بەرپرسان بە هەڕەشەی ئیعدام و دوور خستنەوە، لە هەوڵی راگرتنی بەپەلەی ئەو مانگرتنەدان.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئورمیە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی خەزڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە هۆی پشتگوێ خرانی داواکارییەکانیان و هەڵسوکەوتی نایاسایی و نامرۆڤانەی بەرپرسانی زیندان، دەستی پێکرد.

دوای چەند رۆژ لە دەستپێکی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە، زیندانیانی سیاسیی زیندانی مەرکەزیی زاهیدان و سـنە، زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج و هەروەها زیندانیانی سیاسیی دوورخراوە لە باشووری ئێران، پشتیوانیی خۆیان لەو مانگرتنە دەربڕی.