کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد پێی نایە ١٧مین رۆژی خۆی

18:42 - 15 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە بە بێ وڵامدانەوەی بەرپرسانی زیندان بە داواکاریی زیندانیان و نالەباربوونی بارودۆخی جەستەیی زیندانیان، بەردەوام درێژەی هەیە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە کە چەندین زیندانی دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە، پێی نایە ١٧مین رۆژی خۆی.

لە حاڵیکدا کە زیندانیانی سیاسیی کورد ١٧مین رۆژی مانگرتن لە خواردنی خۆیان تێپەڕ دەکەن، بەرپرسانی زیندانی ئورمیە هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان بە زیندانیان نەداوەتەوە.

بەپێێ راپۆرتە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ئەم مانگرتنەدا، زەخت و گوشار خستنە سەر زیندانیانی سیاسی زیاتر بووە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا بە ئاماژە بە چاوپێکەوتنی نهێنی بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی مەرکەزیی ئورمیە رایگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە هەیە زەخت و گوشاری زیاتر بخەنە سەر مانگرتووان.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە سەرەڕای هەڕەشەی جیدیی بەرپرسانی زیندان بەرده‌وامە و بەرپرسانی زیندان نەیانتوانیوە کۆتایی بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد بێنن و ئەو مانگرتنە وەک خۆی درێژەی هەیە.

بەرپرسانی زیندانی مەرکەزیی ئورمیە (دەریا) لەو زیندانیانە کە حوکمی ئیعدامیان لەسەرە، هەڕەشەیان کردووە کە حوکمەکەیان جێبەجێ دەکەن.

دوور خستنەوەی زیندانییانی سیاسیی ئورمیە بۆ زیندانەکانی دیکە، لە هەڕەشەکانیتری بەرپرسانی زیندانی ئورمیە راگەیەندراوە.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی لە ئورمیە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە هۆی پشتگوێ خرانی داواکارییەکانیان و هەڵسوکەوتی نایاسایی و نامرۆڤانەی بەرپرسانی زیندان، دەستی پێکرد.