کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی ناوەندە نێودەوڵەتییە مافی مرۆڤییەکان، بۆ یارمەتیی کۆمەڵگای جیهانی بە ئاوارەکانی سووریە

19:46 - 17 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بانگەوازی کۆ کردنەوەی یارمەتی بەپەلە بۆ ئاوارەکانی سووریە لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بڵاو کراویەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارودۆخی ئاوارەکانی سووریە، هەتا ئێستا زیاتر لە ١٢ میلیۆن سووری ئاوارە بوونە کە ٥ میلیۆنیان منداڵن و هەنووکە پێوستییان بە یارمەتیی مرۆڤ‌دۆستانەی جیدیی هەیە.

شەڕی نێوخۆیی سووریە کە پێی ناوەتە چوارمین ساڵی خۆی، هەتا ئێستا نزیک بە ٨ میلیۆن کەسی لە نێوخۆی سووریە ئاوارە کردووە.

هەروەها، لەماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریەدا، نزیک بە ٣ میلیۆن و نیو کەس وڵاتی سووریەیان بەجێهێشتووە و بۆ وڵاتانی دیکە پەنایان بردووە.

ئاخرین ئاماری بڵاو کراوە لە کوژراوەکانی سووریەیش باس لەوە دەکات کە لانیکەم ٢٢٠ هەزار کەس لە هاووڵاتییانی سووریە لەو ماوەیەدا گیانیان لە دەست داوە.

لە بەرەبەری کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە یارمەتی بۆ ئاوارەکانی سووریە، ٣٠ رێکخراو و ناوەندی مافی مرۆڤ و یارمەتیدەر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوایان لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە بۆ پشتیوانی لە ئاوارەکانی سووریە هەنگاوی جیددی هەڵبگرن.

ئەم بەیاننامەی هاوبەشە لە حاڵێکدا بڵاو کراوە کە یەک حەفتەی پێش، رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی جیهانیی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان  (un world food programme)رایگەیاند کە بە هۆی کەمیی بوودجە و کێشە و گرفتی ماڵی ناتوانن یارمەتیی زیاتر لە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارەی سووری بدەن.