کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیست رۆژ مانگرتن لە خواردن/ پشتیوانیی لە زیندانیانی مانگرتوو لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ لە تاران

18:57 - 18 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتنی درێژخایەنی زیندانیانی سیاسی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە بە بێ وڵامدانەوە و سەرنجدانی بەرپرسانی زیندان ٢٠ ـەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کوردی زیندانی ئورمیە (دەریا) ٢٠ـەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات.

پاش تێپەڕ بوونی ١٨ رۆژ مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکار لە پارکی لالەی تاران بەڕێوەچوو، چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی دانیشتوی تاران، پاڵپشتیی خۆیان لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کوردی زیندانی ئورمیە دەربڕی.

ئەم کۆبوونەوەیەدا کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان و لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بەرەو توندوتیژی ترازا، چەندین هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کران.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناسنامە‌ی یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکانی رەزا شەریفی بۆکانی راگەیاندووە.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کوردی لە ئورمیە لە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکرد و زیندانیانی سیاسی زیندانەکانی زاهیدان، سنە، رەجایی شاری کەرەج و زیندانیانی باشووری ئێران، پشتیوانیی خۆیان لەو کردەوەیە دەربڕی.

لە ماوەی مانگرتنەکەدا، زەخت خستنەسەر زیندانیانی سیاسی کورد چەند قات بوەتەوە و بە لەبەر چاو گرتنی چاو پێکەوتنی نهێنیی بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی ئورمیە، ئەگەری قورستر کردنی ئەو گوشارانە لە ئارادایە.

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا) لەو زیندانیانە کە حوکمی ئیعدامیان لەسەرە، هەڕەشەیان کردووە کە حوکمەکەیان جێبەجێ دەکەن.

دوورخستنەوەی زیندانیانی سیاسیی ئورمیە بۆ زیندانەکانی دیکە، لە هەڕشەکانیتری بەرپرسانی زیندانی ئورمیە راگەیەندراوە.

بەپێی نوێترین راپۆرتەکان، مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان، وەک خۆی دریژەی هەیە.