کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کورد لە بیست ویەکەمین رۆژی مانگرتنیاندا

19:03 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی زیندانی ئورمیە بە داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو و چەندقات بوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی بوو بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە لە بەردەم دادگوستەریی ئورمیە کۆببنەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا) کە پێی ناوەتە بیست و یەکەمین رۆژی خۆی، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پاڵپشتی لەو زیندانیانە و درێژەی گوشارەکان بۆ سەر ئەو زیندانیانە لەلایەن بەرپرسانی زیندان، گەییشتە قۆناغێکی نوێ.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە کاتێکدا کە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە ٢١ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، بنەماڵەی ئەو زیندانیانە بەهۆی وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی زیندان بە داواکاریی زیندانیان کە لە تەواوی مافی خۆیان بێبەشن، لە بەردەم دادگوستەری رێژیمی ئێران لە ئورمیە کۆبوونەوە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیش لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی مانگرتووی زیندانی ناوەندیی ئورمیە لە بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیران کۆبوونەوە و ناڕەزیەتیان دربڕی.

بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو کە نیگەرانی بارودۆخی منداڵەکانیانن، لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا لە بەردەم دادگوستەری و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران خوازیاری ئەوە بوون کە بەرپرسان بەدواداچوونی دۆخی منداڵەکانیانن بکەن، بەڵام بەرپرسانی پەیوەندیدار هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی نەداوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکار لە پارکی لالەی تاران بەڕێوەچوو چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی دانیشتووی تاران پشتیوانییان لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە دەربڕی.

ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتیی و لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بە توندوتیژی کێشرا و چەندین هاووڵاتییش لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو لە بەردەم دەفتەری پارلمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و بە شێوەی سەمبولیک مانیان گرت.

بە تێپەربوونی هەر رۆژێک لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی دەریا، دۆخی جەستەیی هەندێک لە زیندانیان مەترسیدار بووە و بەرپرسانی زیندان هەروا لەسەر بڕیاری خۆیان بۆ پێڕانەگەیشتن بە داواکاریەکانی زیندانیان سوورن.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان عەلیڕەزا رەسووڵی، شێرکۆ حەسەن پوور، سیروان نژاوی، عەبدوڵڵا حموودی و عەلی ئەفشاری بە هۆی مانگرتن لە خواردن دۆخی جەستەییان زۆر نالەبارە.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی دەریا رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر دەستی پێکرد و زیندانیانی چەندین زیندانی دیکە وەکوو زیندانی ناوەندیی زاهیدان، سـنە، رەجایی شار، بەندی نسوانی زیندانی ناوەندیی ئورمیە و زیندانەکانی باشووری ئێرانیشی گرتەوە.

هەروەها زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی میناب بە هۆی پاڵپشتی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ئورمیە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە هەڕەشەیان لێکرا.

کەماڵ شەریفی، عەلی مورادی، محەممەد حوسێن رەزایی و ئەفشین سۆهراب زادە زیندانیانی سیاسی کوردی زیندانی مینابن کە لەلایەن بەرپرسانی زیندانی میناب بانگهێشت کراون و نیسبەت بە درێژەدان بە پاڵپشتی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە هەڕەشەیان لێکراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتووی زیندانی ئورمیە کە دواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پشتگوێ خراوە و هیچ وڵامێکیان سەبارەت بە جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان کە گرینگترینیان جیاکردنەوەی بەندی زیندانیانی سیاسی لە بەندەکانی دیکەیە، پێ نەدراوەتەوە.

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا) لەو زیندانیانە کە حوکمی ئیعدامیان لەسەرە، هەڕەشەیان کردووە کە حوکمەکەیان جێبەجێ دەکەن.

دوورخستنەوەی زیندانیانی سیاسیی ئورمیە بۆ زیندانەکانی دیکە، لە هەڕشەکانیتری بەرپرسانی زیندانی ئورمیەیە.