کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵکێشانی کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر شارەکانی کوردستان لە بەرەبەری رۆژی پێشمەرگەدا

19:13 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ناوەندە نیزامیی و ئەمنییەتیەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەقز بە میلیتاریزە کردنی شەقام و کۆڵانەکانی شار، دەستییان بە چاودێری کردن و تۆقاندنی هاووڵاتیانی کورد کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە نزییک بوونەوەی ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، رێژیمی ئێران لەرێگەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی خۆیەوە کەشێکی تۆقێنەری لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان دروست کردووە.

راپۆرتی گەیشتوو لە سەقزەوە باس لە میلیتاریزە کرانی شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەکات. دەوترێت کە هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناو رۆژدا، دەستیان بە گەڕان و چاودێریی هاتوچوی خەڵک کردووە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی کورد خەڵكی سەقز لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا جەختی لە سەر ئەوە کرد کە هێزەکانی رێژیمی ئێران جگە لە گەڕانیان لە شاردا، هاووڵاتییانی کورد دەخەنە ژێر چاودێری، ئەوەیشی وت کە رۆژانە هێزەکانی کەلانتەری و یەگان ویژە کە پشتیوانی هێزەکانی کەلانتەرین بە ماشینی نیزامیی، دەستیان بە هاتووچوو کردن کردووە.

ئەم هاووڵاتییە لە درێژەی قسەکانی دا وتی: دوای کاتژمێر ی١٢ شەو، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بە ماشینە شەخسییەکانیان لە هەموو کۆڵانەکان و شەقامەکانی سەقزدا بەرچاو دەکەون.

راپۆرتی گەیشتوو لە سەقز هەروها باس لەوە دەکات کە شەوانە هێزەکانی رێژیمی ئێران دەست بە لێپێچینەوە لە هاووڵاتییانی کورد لە شەقامەکان دەکەن.

دەوترێت کە هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات شەوانە هەر کەس لە شەقامەکان ببینن، وەک تاوانبارێک لێکۆڵینەوەی لێدەکەن.

ئەم شێوازە هەڵسوکەوتەی رێژیم لەگەڵ خەڵک، هەموو ساڵێک لە کاتی نزیک بوونەوەی بۆنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، دووی رێبەندان ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ١٠ی خاکەلێوە ساڵرۆژی شەهید بوونی قازی محەممەد، یەکەمین سەرکۆماری کوردستان و رۆژی شەهیدانی کوردستان، ٢٢ی پوشپەڕ، ساڵرۆژی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لەلایەن تیرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٢٥ی گەلاوێژ، سالرۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ٢٦ی خەرمانان، سالرۆژی شەهید بوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و هاورێیانی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، توندتر دەبێت.