کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەر کران و بانگهێشتی شەش هاووڵاتیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

13:36 - 20 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران لە شارەکانی مەهاباد و سنە بە ریز، لاوێکی کوردیان دەستبەسەر و پێنج چالاکی مەزهەبیییان بانگهێشت کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لاوێکی کوردیان دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کرد.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکدا شوناسی ئەم هاووڵاتییە کوردە ئاسۆ عەزیزی راگەیاندووە و دەوترێت کە هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەریان کردووە.

پاش دەستبەسەر کردنی ئاسۆ عەزیزی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ١٠ مەئمووری لیباس شەخسی ئیدارەی ئیتلاعات چوونە ناو مالی ئەم هاووڵاتییە کوردە و هەمووی کەلوپەل و کۆمپیوتێر و سەرجەم کتێب و کەرستەی شەخسیی خۆی و خوشکی ناوبراو، گەڕاون و دەستیان بە سەردا گرتووە.

هەتا کاتی بلاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانییارییەک لە بارودۆخی و هەروها هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم لاوە کوردە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئاسۆ عزیزی، پێشتریش بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

هەروەها لە درێژەی شەپۆلی سەرکوت کردنی هاووڵاتییانی کورد، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پێنج چالاکی مەزهەبیی، سەلاحەدین ئادابی، سەعید تکیە خواز، مەسعوود جەعفەری، ئەمجەد مینوویی و محەممەد حەبیبی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سنە، بانگهێشت کراون.

لەم پەیوەندییەدا، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، گرووپی نیزامیی تایبەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە شاری سەردەشت بە مەبەستی پشکنینی دوکانی هاووڵاتییانی کورد بۆ رەبەت هەناردرابوون، لەگەڵ دوکاندارەکان تووشی تێکهەڵچووبوون و پازدە هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئاماری مالپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ هەتا ئێستا ٣١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کراون و هەنووکەش لە چارەنووسی زۆربەیان، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.