کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ چاوپێکەوتنی شاندێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی مۆدرات (Modrat)

14:39 - 20 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکابی پارتی مۆدرات چاوپێکەوتنیان کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی حەمید تەیمووری لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی مودرات(کۆنسێرڤاتیڤ) خاتوو مارگارێتا سێدرفێلت (Margareta Cederfeldt) لە پارلمانی سوید، چاوپێکەوتنیان کرد.

لەو دیدارەدا هەندێک باسی هەلومەرجی حدکا و ئێران بەگشتی، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، شەڕی داعش بە دژی کورد، کێشەی چەکی ناوکی ئێران و وڵاتانی ١ + ٥ کرا و بیروبۆچوونەکان ئاڵوگۆڕ کران.

بە گشتی تەوەری باسەکان ئەم خاڵانەی خوارەوە بوون:

ـ هەلومەرجی هەنووکەی حدکا و تەرکیزی رێژیمی ئێران بۆ سەر حدکا و رێکخراوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشوری کوردستان نیشتەجێن، نانەوەی ئاژاوە بۆ حدکا، هاتنی سوپای قودس و تێکدانی ئاسایشی کوردستان بە گشتی لەو باسانە بوون کە لەسەریان قسە کرا.

ـ کێشەی چەکی ئەتۆمی و وڵاتانی ١+٥ و هەڵسوکەوتەکانیان لەگەڵ ئێران، پرۆسەی چەک کردنی ئێران و بە جۆرێک خۆبەدەستەوەدانی ئێران، راماڵینی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەوەرێکیتری باسەکان بوو کە لەگەڵ خاتوو مارگارێتاداباسیان لێکرا.

ـ شەڕی داعش و کێشەکانی لە ناوچەکە دژی کورد و تووش‌بوونی کورد بە شەڕ دژی رێکخراوێکی تێرۆریستی نێونەتەوەیی و راوەستانی کورد بەرامبەر ئەم رێکخراوە تێرۆریستییە بە بێ چەکی قورس و یارمەتی و پشتیوانی لە شاری کۆبانیی کوردستانی سووریە.

ـ گەمارۆی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوا و ئامریکا دژی ئێران کە کاریگەری خۆی هەبووە، هەرچەند بەرپرسانی ئێران دانیان بەو کاریگەریانە دانەناوە، بەڵام هەتا ئێستا خەڵک لە ئێران تووشی قەیران بووە، بەرپرسانی رێژیمی ئێران وا نیشان نادەن کە کاریگەری دانابێت؛ نەبوونی کار و رێژەی بێکاری بەرەوهەڵکشان دەچێت و تەنانەت بەرز بوونەوەی نرخی نان و هەموو شتو مەکەکان دەرخەری بێ سەرەوبەرەیی رێژیمە و ئەو سەرمایەی کە دەبێ بۆ خەڵک تێبچێ، خەرجی چەک و ناردنی سوپا بۆ وڵاتانی عێراق و سوریە و هەروەها حیزبووڵڵا، حەماس و یەمەن دەکرێت و رایەدارانی ئێران لە سەروی هەموویانەوە خامنەیی رێبەری رێژیم دەیانهەوێ بە هەر نرخێک بێت دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە بسەپێنن و لەهەمان کاتیشدا لە ئاژاوەگێڕی خۆیان لە ناوچەکەدا بەردەوام بن.

خاتوو مارگارێتا لەگەڵ بیروبۆچوونەکانیشاندی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتدا دابوو و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە و وتی کە : ئێمە ئاگاداری هەلومەرجی ئێرانین و دەزانین کە ئەو وڵاتە هیچ رێزێک بۆ مافی مرۆڤ، نەتەوەکانی ئێران بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانی‌تری وەک سوننە، بەهایی، مەسیحی و جوولەکە و یارسان و هەتا دانانێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: هەلومەرجی کورد ئاڵۆزە نەک هەر بە هۆی داعش، بەڵکو بە هۆی وڵاتانی ناوچەکە کە دژی کوردن و نایانهەوێ کورد سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێ.