کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لە سنە دەستبەسەر کرا

20:13 - 20 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران کرێکارێکی کوردی لە سنە بانگهێشت و دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێبوار عەبدوڵـڵاهی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە، سەرلە بەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە رێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم کرابوو، ناوبراو دوای خۆناساندن بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەستبەجێ لەلایەن مەئمووران ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاند کە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ بنەماڵەکەی روون نەکراوەتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای دەستبەسەرکرانی هێشتا نادیار ماوەتەوە.

هەنووکە دوو چالاکی کرێکاری دیکەش بە ناوەکانی فەردین میرەکی و فەرزاد مورادی‌نیا کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سنەدان و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

لەم پەیوەندییەدا، رۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد لاوێکی کوردیان بە ناوی ئاسۆ عەزیزی لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و رەوانەی شوێنی ناردیار کرد.

هەروەها لە درێژەی شەپۆلی سەرکوت کردنی هاووڵاتییانی کورد، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پێنج چالاکی مەزهەبیی کە ناویان سەلاحەدین ئادابی، سەعید تکیە خواز، مەسعوود جەعفەری، ئەمجەد مینوویی و محەممەد حەبیبی راگەیەندراوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سنە، بانگهێشت کراون.

بەپێی ئاماری مالپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کراون و هەنووکەش لە چارەنووسی زۆربەیان، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.