کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی خوێندکارێکی کورد لە سنە

15:19 - 21 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، خوێندکارێکی کوردی بانگهێشت و دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێبوار کامرانی پوور خوێندکاری کوردی خەڵکی مەریوان و لە خوێندکارانی پێشووی زانستگای پەیامی نووری سـنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە سـنە بانگهێشت کراوە.

ماڵپەڕی خوێندکار لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەو خوێندکارە کوردە دوای بانگهێشت لەلایەن ئیدارەی ئیلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەرکران و چارەنووسی ئەو خوێندکارە کوردە کە بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئەدەبیی هاوڕێی هەوارمی زانستگای پەیامی نووری سـنە و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیایە، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

راپۆرتە بڵاو کراوەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی رێژیمی ئێران دوای دەستبەسەرکرانی رێبوار کامرانی‌پوور ماڵەکەیان پشکنیوە و سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی هەندێک شتومەکی شەخسی، لەپ تاپی چالاکێكی خوێندکاری کوردیان بە ناوی جەبار دەست باز لەگەڵ خۆیان بردووە.

ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکران، بانگهێشت و سەرکوتی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە کە کوردستان دەستی پێ‌کردووە.

لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا خوێندکارێکی رشتەی زانستە سیاسییەکانی زانستگای پەیامی نووری مەهاباد بە نێوی ئاسۆ عەزیزی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ماوی ٢٠ رۆژی رابردوودا ٣٣ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.