کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان درێژەی هەیە

16:08 - 21 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری مەریوان هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواست.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی دەری سەر بە بەشی ناوەندیی شاری مەریوانیان دەستبەسەر کرد.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردە حەسەن ئەحمەدی راگەیەندراوە.

حەسەن ئەحمەدی دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێژراوە و هەتا ئێستاش هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە.

بە پێی راپۆرتی هێرانا لە هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی راگیران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

حەسەن ئەحمەدی هاووڵاتی کوردی خەڵکی گوندی دەری پێشتریش دوو جار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێبوار کامرانی پوور خوێندکاری کوردی خەڵکی مەریوان و لە خوێندکارانی پێشووی زانستگای پەیامی نووری سـنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە سـنە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.

بە پشت‌بەستن بە ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا ٣٤ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسی هەندێک لەو هاووڵاتیانە هەتا ئێستاش ناڕوونە.