کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیست و چوارمین رۆژی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد/ هەڕەشەکانی رێژیم پێی نایە قۆناغێکی نوێ

13:58 - 22 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە لەگەڵ وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی زیندان و سەرنج نەدان بە داواکارییەکانیان، هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە، رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتن لە خواردنی ٢٧ زیندانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە (دەریا)، تێپەڕ دەبێت.

راپۆرتە بڵاو کراوەکان باس لە نالەبار بوونی دۆخی جەستەیی ٦ کەس لە زیندانیانی مانگرتوو بە ناوەکانی عەلیرەزا رەسوڵی، سیروان نژاوی، یوسف کاکەمەمی، عەبدوڵـڵا حموودی، محەممەد‌ئەمین عەبدوڵـڵاهی و عەلی ئەفشاری دەکەن.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە نالەبار بوونی دۆخی جەستەیی عەلی ئەفشاری، بەرپرسی زیندانی مەجبور بە گواستنەوەی ئەو بۆ نەخوشخانەی دەرەوەی زیندان کرد، بەڵام ئەم زیندانییە کوردە، لەلایەن مەئموورێکی ئیتلاعاتەوە بە دەمانچەی کەمەرییەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی دەریا رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر دەستی پێکرد و زیندانیانی چەندین زیندانی دیکە وەکوو زیندانی ناوەندیی زاهیدان، سـنە، رەجایی شار، بەندی نسوانی زیندانی ناوەندیی ئورمیە و زیندانەکانی باشووری ئێرانیشی گرتەوە.

پاش مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە هەندێک لە زیندانەکانی ئێران، زۆربەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بە دانە دەرەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە پشتیوانییان کرد.
هەر لەم پەیوەندییەدا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، کۆبوونەوەیەکی بەرین بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە زیندانی ئورمیە لە بەردەم دەفتەری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لەلایەن ١٦ ناوەندی مافی مرۆڤ و مەدەنی دەرکرابوو، لە زیندانیانی سیاسیی کورد پشتیوانی کرا. 

هەروەها، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکار لە پارکی لالەی تاران بەڕێوەچوو چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی دانیشتووی تاران پشتیوانییان لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە دەربڕی.

هەروەها،رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ خوێندکارانی بەشی یاسا لە پەیمانگای تێکنیکیی شاری کۆیە لە کوردستانی باشوور بۆ رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و دژایەتی کردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و هەروەها پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، بە دەستپێشخەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سمینارێکیان بەڕیوەبرد.

سەرەڕای هەوڵەکانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندی ئورمیە و دوو قات بوونەوەی زەخت خستنەسەر زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە و هەڕەشەی توند وەک دوور خستنەوەی زیندانیانی سیاسیی ئورمیە بۆ زیندانەکانی دیکە و جێبەجێ کردنی حوکمی ئەو زیندانیانەی کە حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپاوە، زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتووش رایانگەیاندووە کە ئەگەر بێتو وڵامێکی روونیان پێ نەدرێتەوە بە مانگرتنەکەیان درێژە دەدەن.