کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک میلیۆن ئاوارەی سووریە مەترسیی سەرما بردووییان لەسەرە

14:39 - 22 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی هاتنی زوقم و سەرمای وەرزی زستان، یەک میلیۆن ئاوارەی سووریە هەڕەشەی گیان لەدەست دانیان لەسەرە و یەکیەتی ئورووپا سەبارەت بەو دۆخە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەزیرانی پەرەپێدان و هاوکارییە ئابوورییەکانی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا لە کۆبوونەوەیەکدا لە بروکسێل رایانگەیاند کە یەک میلیۆن ئاوارەی سووریە بە هۆی سەخڵەتی وەرزی زستان و رچان، مەترسی گیان لەدەست دانیان لەسەر هەیە.

زیاتر لە سێ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارەی سووریە لە کەمپەکانی ئۆردۆن، تورکیە، لوبنان و میسر و هەروەها عێراق دەژین و بەپێی راپۆرتی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەک میلیۆن ئاوارە ئیمکاناتی پێویستیان بۆ وەرزی زستان نییە و مەترسی گیان لە دەست دانیان بەو بۆنەوە هەیە.

وەزیری هاوکارییە ئابوورییەکانی ئاڵمان داوای لە یەکیەتی ئورووپا کرد کە بودجەی یەک میلیاردی بۆ ئاوارەکانی سووریە تەرخان بکات، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو یارمەتییە هەزاران ئاوارەی سووریە لە وەرزی زستاندا گیانیان لە دەست دەدەن.

ئەو دواکارییەی وەزیری هاوکارییە ئابوورییەکانی ئاڵمان لە کاتێک دایە کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی جیهانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان  (un world food programme) رایگەیاند کە بە هۆی کەمیی بوودجە و کێشەی ماڵی، لەمەبەدوا درێژەدان بە هاریکارییەکانی بۆ زیاتر لە ١ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارەی سووریەی، پێناکرێ.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بان کی‌مۆن لە پێوندی لەگەڵ دۆخی نالەباری ئاوارەکان رایگەیاند ئەو دۆخە نالەبارەی ئێزدییەکان و ئەو خەڵکەی کە لە چیای شنگال تووشی بوون، زۆر دڵتەزێنە و دۆخی ئاوارەکان لەو چیایە مەترسیدارە و رۆژانە چەندین کەس لە ئاوارەکانی چیای شنگاڵ بەهۆی سەرما وگەرما و برسیەتی گیانیان لە دەست دەدەن.

بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەنووکە ١٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووری پێویستیان بە یارمەتیی مرۆڤدۆستانە هەیە.

٧ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە نێوخۆی سووریە بێ ماڵ‌وحاڵ بوونە و هەروەها ٣ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسی دیکەش لەو وڵاتە هەڵاوتوون.