کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد بیست و پێنجەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات

13:36 - 23 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە لەگەڵ وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی زیندان و سەرنج نەدان بە داواکارییەکانیان، هەروا درێژەی هەیە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا)، بیست وپێنجەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئوررمیە کە لەلایەن ٢٩ زیندانی سیاسیی کورد لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکرد و بە بێ وڵامێکی روون و هەڕەشەی توندی بەرپرسان هەروا درێژە هەیە.

لە بیست و پێنجەمین رۆژی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە، ٨٥ کەس لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنی ژن، لە مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی کورد پاڵپشتییان کرد.

چالاکانی سیاسیی ژن لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی زیندانی ناوەندی ئورمیە بوون.

راپۆرتە بڵاو کراوەکان باس لە نالەبار بوونی دۆخی جەستەیی ٦ کەس لە زیندانیانی مانگرتوو بە ناوەکانی عەلیرەزا رەسوڵی، سیروان نژاوی، یوسف کاکەمەمی، عەبدوڵـڵا حموودی، محەممەد‌ئەمین عەبدوڵـڵاهی، شێرکۆ حەسەن‌پوور و عەلی ئەفشاری دەکەن.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە نالەبار بوونی دۆخی جەستەیی عەلی ئەفشاری، بەرپرسی زیندانی مەجبور بە گواستنەوەی ئەو بۆ نەخوشخانەی دەرەوەی زیندان کرد، بەڵام ئەم زیندانییە کوردە، لەلایەن مەئموورێکی ئیتلاعاتەوە بە دەمانچەی کەمەرییەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد سەرەڕای هەڕەشەی توندی بەرپرسانی زیندان هەروا درێژەی هەیە و زیندانیانی مانگرتوو جەختییان کردووە کە ئەگەر بێتو وڵامێکی روونیان پێ نەدرێتەوە بە مانگرتنەکەیان درێژە دەدەن.