کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشتی هاووڵاتییەکی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم

15:39 - 23 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی بانگهێشت و دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی سنە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ئەو شارە بانگهێشت کرا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی و لە درێژەی شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەر و بانگهێشتی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران مێهرداد ئەمین وەزیری هاووڵاتیی کورد خەڵکی سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بانگهێشت کراوە.

دەوترێت کە ئەم هاووڵاتییە کوردە بە هۆی بەشداری لە کۆبوونەوە و رێپێوانەکەنی پشتیوانی لە کۆبانی، بانگهێشت کراوە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردووەتەوە کە مێهرداد ئەمین وەزیری، داواکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆ بەڵێندان بە بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی رەت کردووەتەوە.

ئەمین وەزیری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویش دوای دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە و تێپەڕ کردنی ٣٢ رۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، بە دانانی بارمتە ئازاد بووە و دوابەدوای ئەوە لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا، رێبوار عەبدوڵـڵاهی، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی سنە و چالاکی بواری کرێکاری، سەر لە بەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت و پاش ناساندنی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە و هەنووکە لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئێستاش دوو چالاکی کرێکاری دیکە بە ناوەکانی فەردین میرەکی و فەرزاد موردای‌نیا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری سنە بەسەر دەبەن و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان ئەوان لەبەر دەستدا نییە.