کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە خواردنی وشکی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە دەستی پێکرد

16:11 - 23 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە بیست و پێنجەمین رۆژی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، مانگرتن لە خواردنی وشک دەستی پێکرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە پێی ناوەتە بیست وپێنجەمین رۆژی خۆی.

لە حاڵێکدا مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە بووەتە هۆی ئەوەی کە بارودۆخی جەستەیی چەند کەس لەو زیندانیانە نالەبار بێت، بەڵام بە هۆی وەڵام نەدانەوەی بەرپرسان بە داواکارییەکانیان، ئەمجارە مانگرتن لە خوردانی وشکیان دەست پێکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو، مانیان لە خواردن گرتووە و دەوترێت کە سەرەڕای دۆخی نالەباری جەستەیی، هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکەن دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە کە بە هۆی جیا نەکردنەوەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانیانی دیکەی تاوانە تایبەتییەکان؛ لەلایەن ٢٩ زیندانی سیاسیی کورد لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری دەستی پێکردووە، بێ هیچ وڵامدانەوەیەکی روون لەلایەن بەرپرسانی زیندان لەگەڵ هەڕەشەی جیدیی بەرپرسان بەرەڕوو بووەتەوە.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد، سەرەڕای هەڕەشەی جیدیی بەرپرسانی زیندان بەردەوام دریژەی هەیە و زیندانیانی مانگرتوو جەختیان کردووەتەوە کە هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنیان دەدەن.