• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

بەندکراوانی مانگرتوو: رەچاوی بێدەنگی لەهەمبەر دۆزی نالەباری رۆژهەڵات، هۆکار و رێکارەکان

زایینی: ١٥-١٢-٢٠١٤ - هەتاوی: ١٣٩٣/٠٩/٢٤ - ٠٩:٥٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
بەندکراوانی مانگرتوو: رەچاوی بێدەنگی لەهەمبەر دۆزی نالەباری رۆژهەڵات، هۆکار و رێکارەکان
لە بەرەبەرەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا، رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئەرکدارمان دەکات كه‌ له‌ ٣٦٥ رۆژی ساڵدا مافه‌كانی مرۆڤمان له‌ بیر نەچێ. "مافەکانی مرۆڤ ٣٦٥" دروشمی ئەم ساڵی ئەم رۆژە جیهانیەیە.

11643.jpg
شەریف بێهروز

له‌ راستیدا ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌م بۆنه‌دا پتر له‌ هه‌موو كه‌س ده‌بێ ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه‌ و له‌ بیر نه‌كرێن، بەندکراوانی سیاسی کورد لە ئێران، بە تایبەتی ئەو ٢٩ بەندکراوەی مانگرتووی بەندیخانەی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هۆی بیروباوەڕیان بە ئازادی و ئۆگری بە خاک و نیشتمان لە سیاچاڵەکانی ئەم رژێمەدا راگیراون‌.

رۆژی ١٠ی دیسامبر‌ له‌ ساڵی ١٩٥٠ی زاییندا له‌ لایه‌ن ئەنجومەنی گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌ رۆژی مافی مرۆڤ ناودێر كرا‌، تا به‌ڵكوو بكرێ له‌م رۆژه‌دا سەر‌نجی هه‌موو خه‌ڵكانی جیهان بۆ لای‌ گرینگی مافه ‌بنه‌ڕه‌تیه‌كانی مرۆڤ كه‌‌ له‌ جاڕننامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤدا ده‌ستنیشان كراون رابكێشرێ، جاڕننامه‌یه‌ك كه‌ به‌ ده‌سكه‌وتێكی مه‌زنی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان داده‌نرێ.

لە سەروبەندی ئەم رۆژەدا ٢٩ زیندانی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ زیاتر لە ٢٠ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە. هه‌روه‌ها به‌ نیشانه‌ی پاڵپشتی له‌م مانگرتووانه‌، كۆمه‌ڵێكی‌تر‌ له‌ زیندانیانی بەویژدان له‌ زیندانه‌كانی دیكه‌ی ئێرانیش له‌ شاره‌كانی‌تر مانیان له‌ خواردن گرتووه‌.

زیندانیانی به‌ندی ١٢ی به‌ندیخانه‌ی ورمێ مانگرتنەکەیان لە ٢٩ی خەزەڵوەر به‌ نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دەربڕینیان بە تێکەڵ کردنیان له‌ گه‌ڵ تاوانبارانی مادە سرکەڕەکان و بکوژەکان ده‌ست پێكرد. هەروەها به‌ پێی سەرچاوەکان داوایەکی‌تری مانگرتووان له‌ كاربه‌دستانی به‌ندیخانه‌كە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ٢٧ بەندکراوی‌ سیاسی‌‌تر كه‌ گوایە مەبەستدار لە دەرەوەی بەندی ١٢ی سیاسی بەندیخانەی ورمێ راگیراون بۆ ئەم به‌ندە سیاسییە بگوازرێنەوە‌.

سەرچاوەکان هۆی ئه‌م ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ بریارێكی نوێی ئیتڵاعاتی ئێران كه‌ وێدەچی ده‌زگا ئه‌منیه‌تی و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رێژیم پیلانێكی به‌ربڵاویان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ تا هه‌موو به‌نده‌ سیاسیه‌كان دابخه‌ن و به‌م كرده‌وه‌ وا نیشان بده‌ن كه‌ له‌ ئێراندا زیندانی سیاسیی بوونی نیه‌.

بە دڵنییایەوە کۆمەلێک مه‌به‌ستی‌ شاراوەی‌تر لە پشت ئەم هەنگاوەی رژێم له‌م پێلانهی‌ دژی زیندانیانی سیاسیی کورد هەیە، بەڵام جیا لەو مەبەستەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، بە پێی ئەزموونی هێندێک زیندانی سیاسی پێشوو، کاربەدەستانی رژێم‌ ده‌یانهه‌وێ به‌ تێكه‌ڵ كردنی زیندانی سیاسیی له‌ گه‌ڵ تاونكاران و تاوانبارانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، زیندانیانی سیاسی پتر ئه‌شكه‌نجه‌ بده‌ن و تێكیانبڕووخێنن و له‌ رووی ده‌روونی و فیزیكیشه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ وتۆقاندن به‌ره‌و روویان بكه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی تری ئه‌م پیلانه،‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌م فشارانه‌ زیندانیانی سیاسیی له‌ بیرو باوه‌ڕ و ناسنامه‌ی سیاسییان داڕنرێن و به‌ هه‌ره‌شه‌ و گوشاری تاوانبارانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ زینداندا توشی ئیعتیاد بكرێن و له‌ كۆتاییدا له‌ هه‌ڵوێستی دژی رێژیم پاشگه‌زبنه‌وه‌ و ده‌سته‌مۆ بكرێن و به‌م شێوه‌ مه‌جبوور به‌ تۆبه‌ كردن و هاوکاریکردنی رژێم بن.

له‌م پێوه‌ندییه‌دا رێژیم زۆری هه‌وڵ داوە‌ كه‌ ئه‌م پیلانه‌ به‌ ئه‌سپایی و كپ و كڕ به‌ڕێوه‌ بچێ، به‌ڵام به‌خۆشیه‌وه‌ ئه‌م كردەوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایی چاوکراوەی كوردستان و کۆمەڵی کوردەواری لە تارواگە له‌ گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی توند به‌رەوڕوو بۆته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ جێگای داخه‌ کە بێده‌نگی سه‌رسووڕهێنه‌ری كۆمه‌ڵگایی نێونه‌ته‌وه‌یی و میدیا جیهانی و ناوچه‌یه‌كان بە تایبەتی میدیا ئێرانییە فارس زمانەکان بوو.

بڕیاری کاربەدەستانی رژێمیش بۆ هەڵبژاردنی زیندانەکانی کوردستان هەر لەو بایکۆتە میدیاییە سەرچاوە دەگرێ کە دەنگی زیندانیانی سیاسی کورد لە ئێران کەمتر بە دونیای دەرەوە دەگات کە ئەمانە بەشێک لەو هۆکارەکانن. سەرەتا هیچ چاوەڕوانییەک لە میدیاکانی سەر بە رژێم ناکرێ کە روماڵی پرسەکانی ناوچە کوردییەکان بکەن، دیارە ئەمە کاناڵە ناوچەییەکانی سەر بە رژێمیش دەگرێتەوە.

پاشان میدیاکان و چالاکانی دەرەوەی کوردستان کە لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتن کەمتر گرینگی بە پرسەکانی ناوچە کوردییەکان دەدەن و هەواڵی لەم چەشنە کاردانەوەی ئەوتۆیی لە میدیاکانیاندا نابێت و ئەگەر هەیبێتیش زۆر کەم و بێ نرخە و زیاتر وەک ئەرک لە سەرشان لابردن وایە و بە گشتی سەقەتن.

بەڵام ئەوەی مەترسیدار و هاوکات جێگای داخیشە ئەوەیە کە سەرچاوەی زۆربەی میدیا بیانییەکان، هەواڵنێر و میدیا فەرمییەکانی رژێم و ئەو چەند کاناڵە فارسییەی دەرەوەن، و هەواڵنێر و ژورنالیستە بیانییەکانی حازر لە ئێران بە دەگمەن خۆ لە قرەی شارەکانی دەرەوەی تاران دەدەن و ناوچەکان سەر بە نەتەوەکان بە تایبەتی کوردستان لە بازنە ناوچە بڤەکان دانە و لە کاتی پێدانی ڤیزای ژورنالیستی ئەم هێڵە بە روونی بۆ ژورنالیست و هەواڵنێرە بیانییەکان دیاری دەکەن کە کاریان بە کوردستان نەبێ.

ئەوانیش لە ترسی پیشە و کاری خۆیان و هاوکات لە ترسی گیران و دەستبەسەری بە گشتی گرینگی بەم هەواڵانە نادەن و بەم شکڵە ئەمە بەشێک لە هۆکاری بایکوتی سیستماتیکی میدیایی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئەم کەمترخەمییەی ئەم ناوەندانەی هەواڵ بە تایبەتی ئەم ناوەندانەی وەکوو بی بی سی فارسی، بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا و بەشی فارسی رادیوی ئوروپای ئازاد کە لە خەزێنەی میلیونی وڵاتانی لیبرال دێموکرات دەخۆن و بەڕێوەدەچن، دژکردەوەی بەحەقی کۆمەڵگایی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتۆتەوە و رایان وایە کە ئەم میدیایانە نەتەنیا هیچ لە سەر دەنگدانەوەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە میدیاکاندا رۆڵ ناگێڕن بگرە لە کپکردنی هاناکانیان و بێ شوناس کردنیشیاندا بێ رۆڵ نین.

ئەگەر بێدەنگی ئەم میدیایانە بە نیسبەت پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران وەکوو یەک بایە لەوانەبوو ئەم بێدەنگییەش نارەزاییەتی و بێزاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان لێنەکەوێتەوە، بەڵام ئێمە دەبینین کە چۆن لە سەر تەنانەت گیران یان کوشتنی کەسێکی فارس لە تاران چۆن وەجواب دێن و روماڵی هەواڵەکانیان دەکەن. تا ئێستا ئێمە لە کوردستان چەنها سەتار بهشتی یمان کوژراوە یان چەنها غونچە قەوامی لە زیندانەکان بێ تاوان ماونەتەوە کە چی وێدەچێ گیانی مرۆڤی کورد و باقی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران نرخی کەمتر بێ لە لای ئەم میدیایانە.

ئەم کاناڵە فارسی زمانانە لە هەر دوو لای جۆگەکە دەخۆن. هەم خویان بە نوێنەری گشت ئەو ناوچانە دەزانن کە بە فارسی قسە دەکەن و هەمیش گشت ئێران، بەڵام لە دوو لاوە هەم مافی خەڵکی فارس زمانی دەرەوەی ئێران وەکوو ئەفغانستان و تاجیکستان دەخۆن و هەمیش بەشی خەڵکی غەیرە فارسی نێوخۆی ئێران دادەڕنن.

ئەم بڕە بودجە زۆرەی کە هەیانە تەرخان کراوە بە گشت ناوچە فارس زمانەکان و بۆ گشت ئێران، بەڵام ئێمە دەزانین کە چەندە بە پرسی ئەم ناوچە فارس نشێنەکانی دەرەوەی ئێران رادەگەن و روماڵیان دەکەن و چەندیش خۆ بە پرسی نەتەوە غەیرە فارسەکان و ناوچەکانی دەرەوەی ناوەند ماندوو دەکەن.

پاشان کە دێتە سەر پرسی ناوچە غەیرە فارسەکانی ئێران و گلەیی و گازەندی ئێمەمانان، دەلێن ئەمە تەنیا بۆ ناوچە فارسی زمانەکانە، بەڵام لە گەڵ بیانییەکان شتێکی‌تر دەڵێن کە ئەم میدیاگەلە فارسی زمانە روماڵی گشت ناوچە فارس زمانەکان و تەواوی ئێران دەکەن و هەموو خەڵکی ئێرانیش بە تامەزرۆییەوە سەرنجیان دەدەن.

دیارە ئەوەش هەر لە هەمان سیاسەتی نکۆڵی کردن لە نەتەوەکان لە ئێراندا سەرچاوە دەگرێ و دەیانهەوێ بە دونیای دەرەوە بڵێن کە لە ئێراندا هەموو کەس فارسی دەزانێ و زمانەکانی تر پێویست ناکات گرینگییان پێ بدرێت و بودجەیان بۆ سەرف بکرێ.

کاتی خۆی قەرار وابوو بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا بودجەی زیاتری بۆ تەرخان بکرێ و بکرێتە تلویزیون و زیاتر روو لە کوردی رۆژهەڵات بکات. فارسەکان، بە تایبەتی لە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا لۆبی زۆریان بۆ کرد کە ئەم خەرجە لە بەشی فارسی بکەن باشترە و هەرواشی لێهات.

بەشی کوردی دەنگی ئەمریکاش لەوەتی دامەزراوە لە بەردەستی کادیرانی دوو لایەنی سەرەکی باشووری کوردستاندا بووە و تا ئەو جێگای بۆیان کراوە ئیزنیان نەداوە نە کوردی رۆژهەڵات لەم میدیایەدا جێگای بێتەوە و نە پرسی کوردی رۆژهەڵات لەم میدیایە بە پێی پێویست دەنگ بداتەوە.

دیارە لەم چەند ساڵەی دواییدا تۆزێک باشتر بووە بەڵام بەشی کوردی تەنیا یەک نەفەری کوردی رۆژهەڵاتی لێیە کە وەک کارمەندی تەواو کات کار دەکات و کارمەندانی خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان، لە گەڵ ئەو پەڕی رێزم بۆیان، نە رۆژنامەوانیان وەک پیشە خوێندووە و نە زۆریش خۆ بە بەرۆژدەکەنەوە ماندوو دەکەن و بە گشتی بە باشی ئاگاداری دۆخی ناوخۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان نین و خۆیی پێوە ماندوو ناکەن.

بەخۆشییەوە هێندێک لەم بۆشاییە لە هێندێک میدیای تا رادەیەک بێ لایەن، سەرەکی و بەبڕشت لە باشووری کوردستان پر بۆتەوە و لەمبارەوە کارو چالاکییەکانیان جێگای رێزە و پێزانینە. دیارە ئەوەش نابێ لەبیر بکرێ کە کۆمەلێک کادری راگەیاندن و تکنیککار لە نێو لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان پێگەیشتوونە و هێندێکیش لەم بەشەی کوردستان گیراساونەتەوە کە ئێستا لەم ناوەندانە خەریکی کاری میدیایین و هاوکات رووماڵی رووداوەکانی رۆژهەڵاتیش دەکەن.

چەند ساڵ لەمەو بەر، ئەم درزکردنەوەی چالاکانی رۆژهەڵات بۆ نێو میدیاکانی باشوور، نارەزایەتی سەرکۆنسوولی ئێرانیش لێکەوتەوە کە وتبووی ئەندامانی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان خۆیان خزانوەتە ناو ئەو میدیایانە و بە نێوی رۆژنامەوان خەریکی پیلانگێڕی بە دژی ئەو رژێمەن.

میدیاکانی‌تری باشووری کوردستان کە لە قاڵبی حیزبدا کار دەکەن و نزیک بە تەواوی میدیاکانی باشوور لەخۆ دەگرن لەمەڕ رووداوەکانی رۆژهەڵات بە هۆی بەرژوەندی حیزبی و سیاسی خۆیان بێدەنگن و دەنگیان لێوە نایە، بەڵام کە کار کەوتە قسە، خۆیان بە سەرۆک و ئاغای هەموو کوردستان دەزانن.

بەڵام چاری کوردی رۆژهەڵات چییە، چۆن لەم بایکۆتە میدیاییە خۆ رزگار کات. کزومات بوونی رۆژهەڵات زۆر هۆکاری هەیە کە باسی ئەم بابەتە نییە، بەڵام ناتوانین بێدەنگی میدیایی لە سەر پرسی رۆژهەڵاتیش بە تایبەتی پرسی خەراپی مافی مرۆڤ لەم بەشەی کوردستان لەم دۆخە سیاسییە جیا کەینەوە کە رۆژهەڵات تێدایە.

ئەم دوویە گرێدراو و تەواوکەری یەکترن. چەند ساڵ لەوە پێش کەس نەیدەزانی کورد لە رۆژئاوا هەیە بەڵام ئێستا پرسی کوردی رۆژئاوا لە سەرەوەی هەموو پرسەکانە و بە دڵنییایەوە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بە هەمان شکڵ چاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکردرا. دەکرێ دەستاودەست چاوەڕوانی قەزا و قەدەر بین تا شۆڕشێک یان هستانەوەیەکی تر بێتە ئاراوە تا لەم بایکۆتە میدیاییە و سیاسییە رزگاریمان بێت.

بەڵام، بە رای من پیشە کردنی ئەم رێکارە لە جێگای خویدا نییە و بە تایبەتی بە خاتری چالاکان و بەندکراوان و پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ نێوخۆش بێ دەبێ رێکاری‌تر بدۆزینەوە و نەهێڵین رۆژهەڵات ون بێ و غەدری لێبکرێ.

ئەو بایکوت و لەبیرکردنەوە میدیایە هێندێک جار تراژید- کومێدی وەبەرچاو دەکەوێت کە جیا لەوەی کە ئێستا ناومان ناکەوێتە نێو ناوان و لە نێو سەراندا وون دەبین هێندێک دەسکەوتی مێژوویشمان لێ زەوت دەکەن و چەواشەی دەکەن.

هەم لەم رۆژانەدا گۆڤارێکی بەناوبانگی ئینگلیزی زمان باسی لەوە کردبوو کە کۆماری کوردستان شەڕی کوردەکانی باشوور بە دژی شا بوو و شاە شکستی پێهێنان و ئەم ناوچەیەی لێستاندنەوە. مخابن بۆ زۆربەی ئەم میدیایانە پرسێک بە نێوی پرسی کورد لە رۆژهەڵات نەماوە یاز زۆر کەمرەنگە و یەکدەست کردن و قەبزە کردنی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێرانیش و درێژەخایاندنی لەرادەبەدەری ئەم رژێمە یارمەتی بەم جۆرە روانگەیە داوە.

سەڕەڕای ئەمەش، بە رای من، رێگاچارە هەن کە کوردی رۆژهەڵات خۆی و پرسەکانی بگەیەنێتە میدیاکان و تەنانەت مانشێت و رۆژەڤیشیان بێت. سەرەتا، ئێستاشی لە گەڵ بێ، کوردی رۆژهەڵات خاوەنی میدیای سەربەخۆو ناحیزبی ئەوتۆ نییە کە بتوانێ بە شێوەیەکی بەردەوام هەواڵ و رووداوەکانی رۆژهەڵات بێ لایەن و بێ غەرز بگوازێتەوە دەرەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵات.

مادام ئێمە بە کوردی و فارسی نەتوانین شتی لەم چەشنەمان هەبێ بێگومان بە زمانەکانی‌تری وەکوو ئینگلیزی، فەرانسەوی و تورکی و عەرەبی ناتوانین و هەر بەتەواوی کڵۆڵین. ئەمانە ئەگەر هەبن دەتوانن سەرچاوەی ئەم میدیایانە بن کە خوازیاری روماڵ کردنی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

هەروەها کۆمەڵگایی مەدەنی بە تایبەتی ناوەندەکانی ماف مرۆڤ دەتوانن لەمبارەوە کاریگەری بگێڕن و بە شێوەیەکی پیشەیی و پرۆفیشناڵ رووماڵی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

دیارە ئێمە دەزانین کە کۆمەڵگایی مەدەنی لە نێوخۆ چەندە گوشاری لەسەرە و ناتوانن بە شێوەی ئاشکرا و رێکوپێک و یاسایی و ئازاد کارەکانیان بکەن، بەڵام چالاکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆ و لە دەرەوە زۆرن کە دەتواندرێ لە ئاستێکی بەربڵاوتر و لە دەرەوەی وڵاتدا رێک بخرێن کە ئاڵقەیەک بن بۆ پێوەندی لە گەڵ دونیای دەرەوە. دیارە بەم کەرەستە میدیاییەی ئەمڕۆ، بە تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەست، ئەم پێوەندییانە زۆر ئاسانترن و ئەگەر میدیای سەربەخۆش کە لە سەرەوە باسکرا بوونی هەبێ دەتوانن شان بە شانی یەکتر رۆڵی بەرچاو بگێرن کە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگاتە ئەو شوێنانەی پێویستن.

لایەنی تر و لە هەمووی گرینگتر حزووری ئێمە وەکوو کوردی رۆژهەڵات راستەوخۆ لە میدیاکانی بیانییە کە بە پشت بەستن بە میدیا سەربەخۆکان و هاوکات کۆمەڵگایی بەهێزی مەدەنی بتواندرێ لەو توانا بەربڵاوە مەعنەوەییە کەڵک وەرگیرێ و بەردەوام لە ماڵپەر و رۆژنامە و گۆڤارە و ئەنستیتۆ و هتد...بابەت لە سەریان بنووسین. ئەو دەرکەوتنە کەمەش کە ئێستا لە زۆرێک لە دەزگا راگەیەنەکانی فارس زمانیش هەیە مایەی رەنج و زەحمەتی کۆمەڵیک رووژنامەنووس و میدیاکاری کوردییە کە لەم ناوەندانە خەریک بە کارن. مخابن لە سایەی ماشێنی سەرکوتی رژێمی ئاخوندی، حوزوری کوردی رۆژهەڵات لە دەرەوە ئێستا گەلێک زیاتر لە جارانە و بەشێکی زۆر لەم خەڵکەی رۆژهەڵات خەریکی خوێندن لە زانستگەکان و کارکردن لە پەیمانگەکان و شوێنە گرینگەکانی‌تر و بە زمانی وڵاتەکانیان بە باشی دەنووسن و قسە دەکەن. پێویستە ئەمانە زیاتر رێکبخرێن و ماجالیان پێ بدرێ و بۆ برەخسێ کە زیاتر خۆیان بە پرسی کوردی رۆژهەڵات ماندوو کەن و بە شوێنی بکەون کە دەنگی کپکراوی کوردی رۆژهەڵات کە لە زیندانێکی مەزنی بە نێوی ئێران دان و بەندکراوانی سیاسی کورد کە بە هۆی بەرگری لە مافی ئێمە و گەیاندنی دەنگی ئێمە و سەپاندنی بوونی ئێمە کەوتوونەتە سیاچاڵەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دونیا بگەیەنن. ئێستا ئەوان پێویستیان بە یەک یەکی ئێمە هەیە هاواریان ببیسین و ئەم هاوارانە بکەینە زایەڵە و بەتەنیا جێیان نەهێڵین.

دروشمی ئه‌و ساڵی ١٠ی دێسامبر، ساڵڕۆژی مافەکانی مرۆڤ، مافی مرۆڤ ٣٦٥ بوو واته‌ هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو رۆژه‌كانی ساڵ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤمان له‌بیر نه‌چێ. بۆیه‌ به‌جێیه‌‌ كه‌،‌ پێكەوە دڵگه‌رم به‌و دروشمەی ئه‌مساڵی رۆژی مافی مرۆڤ، گشت كات یادی تاك تاكی قوربانیانی ده‌ستی توندوتیژی بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی کورد و لە نێویاندا ئەم کۆمەڵە زیندانیە بکەینەوە کە ماوەیەکە مانیان لە خواردن گرتووە. هەروەها رێز بگرین له‌هه‌موو تێكۆشه‌رانی داكۆكیكار له‌‌ مافه‌كانی مرۆڤ به‌ بێ له‌ به‌رچاو گرتنی جیاوازییه‌كانی جینسی، ره‌گه‌زی، نه‌ته‌وه‌یی، ئیتنیکی، زمانی، دینی و بیر و باوه‌ڕی سیاسیی و له‌ هه‌موو ده‌م و ساته‌كانی ساڵدا فیداكارییه‌كانیان له‌ پێناو پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤدا له‌ بیر نه‌كه‌ین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک