کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدامی زیندانیانی مانگرتوو دوای کۆبوونەوەی بەردەم زیندانی ئورمیە

20:06 - 24 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە، مانگرتن لە خواردنی وشک لەلایەن زیندانیانی کوردەوە هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردسیان میدیا، مانگرتن زیندانیانی سیاسیی کورد کە لە رۆژی رابردووەوە بە هۆی بەردەوامیی وڵام نەدانەوەی بەرپرسان بە داواکارییەکانیان، بووەتە مانگرتنی وشک، ئەمڕۆ دوشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، پێی نایە بیست و شەشەمین رۆژی خۆی.

بارودۆخی نالەباری هەندێک لە زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو، بنەماڵەی زیندانیانی پاش کۆبوونەوە لە بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم و دادگوستەری، هێنایە بەردەم زیندانی ناوەندیی ئورمیە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی رابردوو یەکشەممە، لە بیست و پێنجەمین رۆژی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد و دەسپێکی مانگرتن لە خواردنی ویشکی زیندانیان، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە بەردەم زیندانی ناوەندی ئورمیە کۆبووونەوەیان پێک هێناوە و خوازیاری پێڕاگەیشتنی بەرپرسان بە دۆخی جەستەیی منداڵەکانیان بوون.

لە درێژەی هەڕەشە لە زیندانیانی سیاسیی کورد لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە ئەگەری درێژەپێدانی مانگرتن، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، هەڕەشەیان لە سامان نەسیم کردوە کە حوکمەکەی جێبەجێ دەکەن؛ ئەو زیندانیە کوردە پێشتر حوکمی ئیعدامی بۆ دەرکرابوو.

ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە درێژەی کردەوەکانی خۆی لە پێناو شکاندنی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە، برای سامان نەسیمیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە کە ئەگەر براکەی کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن نەهێنێت، ئەوە حوکمی ئێعدامەکەی جێبەجێ دەکرێت.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە کە بە هۆی جیا نەکردنەوەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانیانی دیکەی تاوانە تایبەتییەکان؛ لەلایەن ٢٩ زیندانی سیاسیی کورد لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر دەستی پێکردووە، بێ هیچ وڵامدانەوەیەکی روون لەلایەن بەرپرسانی زیندان لەگەڵ هەڕەشەی جیدیی بەرپرسان بەرەڕوو بووەتەوە و درێژەی پێدراوە.
مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد، سەرەڕای هەڕەشەی جیدیی بەرپرسانی زیندان بەردەوام دریژەی هەیە و زیندانیانی مانگرتوو جەختیان کردووەتەوە کە هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنیان دەدەن.