کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ٩٢ لە هەر کاتژمێرێکدا ١٨ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە

20:41 - 24 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئاماری تەڵاق لە ئێراندا رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە هەڵکشاندایە و ئاماری پێکهێنانی ژیانه هاوبەشیش رووی لە دابەزینە، بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە هەر کاتژمێرێکدا ١٨ تەڵاق تۆمار کراوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بە وتەی جێگری دەرمان و ئاموزشی پزشکی رێژیمی ئێران بەپێی ئامارەکانی ساڵی رابردوودا لە هەر کاتژمێرێکدا ١٨حاڵەتی تەڵاق رووی داوە و ئەو لە حاڵێکدایە کە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە هەر کاتژمێرێکدا ١٦ رووداوی تەڵاق تۆمار کراوە.

ئەو بەرپرسەی رێژیم رایگەیاند کە لە سەدا ٨٠ی ئەو کەسانە تەڵاقیان وەرگرتووە لە ژێر تەمەنی ٣٠ بوون و زۆربەی تەڵاقەکان لە نێو ئەو ژن و پیاوانە بووە کە ئاستی خوێندەواری باڵایان هەبووە.

لەو پەیوەندییەدا ئاماری تەڵاق لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتيش ئەو دۆخه‌يان بە سۆنامیی تەڵاق لە قەڵەم داوە.

لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تەنیا لە پارێزگاى سنه‌، نزیک بە ٢ هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، لەسەدا ١/٥ چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەرپرسی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی پارێزگاى کوردستان رایگەیاندووە، لە هەر شەو و رۆژێکی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٠ ژن و مێرد لە یەکتر جیابوونەتەوە، کە زۆرترین حاڵەتی تەڵاق لە نێو پیاواندا لە نێوان ٢٥ هەتا ٢٩ ساڵ تەمەن و ژنانیش لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٤ ساڵدا بووە.

هاوکات ماڵپەڕی رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتیی وڵاتی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، تەنیا لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢١٢ ژن و مێرد (١١٠٦ حاڵەتی تەڵاق) لە پارێزگاى کرماشان کۆتاییان بە ژیانی هاوبەشیان هێناوە و لێک جیا بوونەتەوە و لە بەرامبەردا ٤ هەزار و ٨١٨ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش تۆمار کراوە.
لە پارێزگا ئیلام، کە کەمترین ئاماری حالەتی تەڵاقی تێدا تۆمار کراوە، ١٤٠ حاڵەت لە ماوەی سێ مانگی یەکەمدا بووە و لە بەرامبەریشدا دوو هەزار و ٨٥٨ کوڕ و کچ ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە.

هەواڵدەری ئیسنا لە زاری وەزیری دادگوستەریی ئێران لە بوونی ١٤ میلیۆن دۆسیەی تەڵاق لە دادگاکانی ئێران هەواڵی بڵاو کردەوە.
لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٩ هەزار و ٤٤٧ حاڵەت هاوسەرگیری و ٣ هەزار و ٤٤٠ حاڵەت تەڵاق تۆمار کراوە.
ئاماری هاوسەرگیری لەم ماوەیەدا، بەپێی بە ساڵی رابردوو، لە سەدا ٣،٨ کەم و ئاماری تەڵاق لە سەدا ١٣،١ بەرز بووەتەوە.