کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتیی چەک ‌و تەقەمەنی لەلایەن رێژیمی ئێران بۆ گرووپی چەکدارانی حوسی

14:17 - 25 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسانی یەمەنی رایانگەیاندووە کەرێژیمی ئێران لە باری چەک وتەقەمەنیەوە بۆ گرووپی چەکدارانی شیعە ناسراو بە حوسییەکان یارمەتیی دەگەیەنێت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رایەدارانی وڵاتی یەمەن رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران بەردەوام دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا دەکات و ئێستایش یارمەتی چەک ‌و چۆڵ بە گرووپی شیعەی شەڕخوازی حوسی دەگەیەنێت.

بەرپرسێکی یەمەنی رایگەیاندووە: پشتیوانیی نیزامیی رێژیمی ئێران بووەتە هۆی جێگیربوون و مانەوەی حوسییەکان لە وڵاتی یەمەن و ئەو رێژیمە چەکوتەقەمەنی بۆ ئەو گرووپە چەکدارە شیعە مەزهەبە ناردووە و هەروەها لە رێگای چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەرانی ئەو گرووپە لە دەروەی وڵات، پشتیوانیی ماڵیشیان لێ دەکات.

بەرپرسێکی ئەمنییەتی یەمەن رایگەیاندووە: رێژیمی ئێران لە رێگای دەریا چەک ‌و چۆڵ دەخاتە دەستی ئەو گروپە و هەروەها میلیشا حوسییەکان لەلایەن حیزبووڵاوە راهێنانیان پێ دەکرێت و لە درێژەدا وتوویەتی کە رێژیمی ئێران لەو باوەڕەدایە کە سەرکەوتنی حوسییەکان بە پێچەوانەی دۆخی عێراق و سووریە زووتر بە ئاکام دەگات و تێچوویەکی زۆری ناوێت.

لەو پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کاروباری یەمەن رایگەیاندووە: حوسییەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پارەیان پێ دەدرێت و هەروەها راهێنان و مەشقی نیزامییان پێ دەکرێت، ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا رایگەیاندووە کە یارمەتییە ماڵییەکانی رێژیمی ئێران بەو گرووپە لە رێگای حیزبووڵڵای لووبنانەوە دەستاودەست دەکرێت.

بەرپرسێکی پایەبەرزی رێژیمی ئێران لەو بارەیەوە رایگەیاندووە کە سوپای قودس ــ لقی دەرەوەی سنوورەکان سوپای پاسداران، سەدان هێزی لە یەمەن هەیە کە راهێنان بە حوسییەکانی یەمەن دەکات و هەروەها وتوویەتی کە نزیک بە ١٠ راوێژکاری نیزامی ئێرانی لە یەمەن، یارمەتیی ماڵی و نیزامی بەو گرووپە دەدەن.

ساڵی ٢٠١٣ی زایینی پاپۆڕێکی رێژیمی ئێران کە هەڵگری چەک و تەقەمەنی وەک موشەکی کاتیۆشا ئێم ١٢٢، موشەکی دوورهاوێژ، هاوەنی موشەکی، دووربینی شەوی دروست کراوی ئیرانۆ و ٢ تۆن مەوادی تەقینەوە بوو، لەلایەن وڵاتی یەمەنەوە دەستی بەسەردا گیرا.
حكوومەتی یەمەن بەبەردەوامی رێژیمی ئێرانی بەپشتیوانی لەشیعەكانی ئەو وڵاتە و نانەوەی ئاژاوە تاوانبار كردووە و هەتا ئێستاش چەندین سیخوڕی سپای پاسداران لەو وڵاتە دەسبەسەر كراون.