کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆما جڤاکێن کوردستان

16:14 - 25 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی كۆما جڤاكێن كوردستان (K.C.K) لە دەفتەری پەیوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە هەولێر لەگەڵ شاندێکی حیزب چاوپێکەوتنی کرد.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی K.C.K بە سەرپەرستی فەرحان ئامارا، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی (K.C.K) لە هەرێمی کوردستان، سەردانی دەفتەری پەیوەندییەكانی حیزبی دێموكرات لە هەولێریان كرد و لەلایەن هەیئەتێكی حیزبی دێموكراتەوە بە سەرپەرستیی تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب پێشوازیان لێكرا .

تەوەری باسەكانی ئەم چاوپێکەوتنە بریتی بوون لە:

تاوتوێكردنی دوا گۆرانكارییەكانی ناوچەکە و ئەو پیلانە هەرێمیانەی كە لە پشت گرووپی تێرۆریستی داعشەوە بەروڕووی گەڵی كورد و دەستكەوتە نەتەوەییەكانی بووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا وێڕای بەرز نرخاندنی رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە و Y.P.G لە بەرگری لە خەڵك و خاكی كوردستان و بەرپەرچدانەوەی پیلانی نەیاراندا توانی پێگە و كاریگەریی جووڵانەوەی دێموكراسیخوازی كوردستان لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا بخاتە رۆژەڤی جیهانی و باندۆرێكی باشی لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی كورد دروست بكات.

11658.jpg

لە سۆنگەی ئەو شرۆڤانە و هەستیار بوونی بارودۆخ و رووداوەكانی ناوچەكە، دوو لایەن هاوڕابوون كە پێویستی و زەروورەتی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە هەموو كاتێك زیاتر خۆی دەنوێنێ‌ و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بەدەر لە بەرژەوەندیی تەسكی حیزبێك یان پارچەیەكی كوردستان، بەڵكوو لە سەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی هەموو پارچەكانی كوردستان و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی، هەموو هێز و لایەنێك لە ئاست بەرپرسایەتی خۆیاندا بە هاوفكری و هاوكاری زیاتری نێوانیان كۆسپەكانی بەردەم كۆنگرەی نەتەوەیی هەڵگرن و بەستێن و ژینگەیەكی لەباری سیاسی بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و بەرەوپێشبردنی جووڵانەوەی كوردستان پێك بێنن.