کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی بۆسەی هەنگی مەرزی بۆ کۆڵبەرانی کورد، گیانی سەربازێکی ستاند

19:36 - 25 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بۆسە دانانەوە و تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەران، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ساڵانە دەبێتە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان هاووڵاتیی کورد و هەروەها رێژەیەکی زۆر لە سەربازان.

بەپێی راپۆتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە حاڵێکدا کە دەستەیەک لە سەربازانی هێزی هەنگی مەرزیی نالوسی شنۆ لە پاسگای ناویە سوور بە دەستوری فەرماندەرانیان سەرقاڵی گەشت لێدان بوون، رێگەیان ون کردوە و بێ سەروشوێن بوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، پاش رۆژێک لە قەومانی ئەو رووداوە، جەنازەی یەکێک لەو سەربازانە بە ناوی تەوحید حەیدەری خەڵکی مەرەند کە لە حاڵی تێپەڕاندنی دەورانی خزمەتی ئیجباری بووە؛ دۆزراوەتەوە و هۆکاری مردنی، سەرمابردوویی راگەیاندراوە.

گەشتی شەوانە و بۆسە دانانەوە بە فەرمانی فەرماندەی هێزەکانی هەنگی مەرزی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، ساڵانە دەیان سەرباز دەکاتە قوربانی.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، رووداوی هاتوچۆ، رێگا ونکردن، سەرما بردوویی، رووداوی هەورەتریشقە و...رووداوگەلێکن کە دەبنە هۆی گیان لە دەستدانی سەربازانێک کە هیچ جۆرە شارەزاییەکیان سەبارەت بە بارودۆخی جۆغرافیایی و کەش‌وهەوای کوردستان نییە و بە دەستووری فەرماندەرانیان بۆسەی درێژخایەن بۆ کۆڵبەران و کاسبکاران دادەنێن.