کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز: وڵامی رێژیم بە داواکاریی زیندانیانی سیاسیی کورد، ئەشکەنجە و راگرتن لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە

20:53 - 25 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، بە بێ وڵام دانەوەی بەرپرسان بە داواکارییەکانیان هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، بیست و حەوتەمین رۆژی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەبێت.

مانگرتووان بە هۆی سەرنجنەدانی بەرپرسان و نەدانی وڵامێکی روون بە داواکارییەکانیان، سەرەڕای نالەبار بوونی بارودۆخی جەستەییان، ماوەی سێ رۆژە مانگرتن لە خواردنی ویشکیان دەست پێکردووە.

لە درێژەی پشتیوانی کۆمەڵگای مەدەنی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، رۆژی دوشەممە رێکەتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهوازیش لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشە و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیەی مەحکووم کرد.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: وڵامی رێژیم بە داواکاریی زیندانیانی سیاسیی کورد، ئەشکەنجە و راگرتن لە دۆخێکی زۆر نالەباردا بووە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز هەروەها لە بەیاننامەیەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە لە رێژیمی ئێراندا، داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسی بە تایبەت زیندانیانی سیاسیی کورد و بەلوچ و عەرەب و ئازەری بە توندی بە روانگەی ئەمنییەتییەوە سەیر دەکرێت.

رێکخراوی مافی مرۆڤ هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەختی کردووە کە رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز ئەشکەنجە و هەڕەشە لە زیندانیانی سیاسیی لقی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، کە ٢٦ رۆژە لە بەرامبەر هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و هەروەها بۆ جیا کردنەوەی بەندی راگرتنیان لەگەڵ زیندانیانی تایبەت، مانیان لە خواردن گرتووە، مەحکووم دەکات و راگەیدەگەیەنێت هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی بەرپرسانی قەزایی و دەزگای ئەمنییەتی، لەگەڵ مادەی ٥ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و مادەی ٧ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە سیاسی و مەدەنیەکان کە سەبارەت بە مەنعی ئەشکەنجە یا هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و بێرەحمانە لەگەڵ خەڵک دەرکراوە؛ ناتەبایە .

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە کە بە هۆی جیا نەکردنەوەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانیانی دیکەی تاوانە تایبەتییەکان؛ لەلایەن ٢٩ زیندانی سیاسیی کورد لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری دەستی پێکردووە، بێ هیچ وڵامدانەوەیەکی روون لەلایەن بەرپرسانی زیندان لەگەڵ هەڕەشەی جیدیی بەرپرسان بەرەڕوو بووەتەوە.