کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی رێکخراوی نێودەوڵەتیی ICHR بە کەبوودوەند پێشکەشکرا

13:06 - 26 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: خەڵاتی ساڵانەی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی ICHR)) بە محەممەد سەدیق کەبوودوەند بەرپرسی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، پێشکەشکرا.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هەڵسووڕانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند لە پێناو کارو باری مافی مرۆڤی کوردەکان لە ماوەی ساڵەکانی رابردوودا بوو بەهۆی ئەوەی کە ناوەندی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە کانادا (ICHR)  خەڵاتی ساڵانەی خۆی بەو زیندانیە کوردە ببەخشێت.

ناوەندی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە کانادا لەناو راپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردوەتەوە، رایگەیاند کە خانمی ئاوا هوما بە نوێنەرایەتی لە بەرپرسی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤ، رۆژنامەوان و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کودستان، رۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦ دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمەوە بە تاوانی هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی و دامەزراندنی رێکخراوی نایاسایی و هەروەها بە تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە یازدە ساڵ زیندان مەحكووم كرا و هەنووکە لە لقی ٣٥٠ی زیندانی ئەوین بەندکراوە.