کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە ئیرادەی گەلێکە کە قەت ئامادە نەبووە تەسلیمی ژێردەستی بێت ( مەجید حەقی)

13:10 - 26 سەرماوەز 2714

لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٤ی کوردیدا هێزێکی پێشمەرگە لە رێگای باکووری کوردستانەوە بەرەو کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ پشتگیری و یارمەتی بە شەرڤانانی رۆژئاو لە بەرگری دژی گرووپی تێرۆریستانی داعش وەرێکەوتن.

11665.jpg
مەجید حەقی

پێشوازی بە میلیۆنی خەڵکی باکووری کوردستان لە رۆڵە پێشمەرگەکانیان هەموو مێتۆلۆژی و ئەفسانەکانی مێژووی مرۆڤایەتیان لە پەیوەندی لەگەڵ پێشوازی لە قارەمانانی گەلیان زیندوو کردەوە. راست لە رۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیا پێشمەرگە چوونە باکووری کوردستان و بە میلیۆنان خەڵکی کوردستان لەو بەشەی کوردستاندا هاتنە سەر جادە و شەقام و کۆڵانەکان بۆ پێشوازی لە پێشمەرگەکان ئەو رۆژەیان کردە کارنەڤاڵی شادی و خۆشی جۆش و خرۆشی کوردەواری. مرۆڤ بە دیتنی دیمەنی پێشـمەرگەکان و پێشوازی گەرم و بێ وێنەی خەڵک لە رۆڵەکانیان دەکەوتنە یادی سروودی وا هاتن پێشمەرگێن مە.
 
لە مێژووی ٥٠٠ ساڵەی دوای دابەشبوونی کوردستان، گەلێک سەرهەڵدان و تەڤگەری جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە. لە هەموو سەرهەڵدانەکاندا رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا ئامادەی فیداکردنی گیانی خۆیان بوون. بەڵام تەنیا دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەلاوێژی ١٣٢٤دا بوو کە هێزێک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کورد و پاراستنی هێمنایەتی نەتەوایەتی دامەزرا و ئەو کەسانەی کە لەو هێزانەدا رێکدەخران ناویان نرا پێشمەرگە. لەو رۆژەوە هەتا ئێستا کە ٧٠ ساڵە پێشمەرگە یان ئەوەی لە باکووری کوردستان گەریلای پێی دەوترێ بووەتە باسکی بەهێزی گەل بۆ خەباتی رزگاری خوازانە، پاراستنی دەستکەوتی نەتەوایەتی و ئازادی کوردستان و کەڕامەتی مرۆڤی دانیشتوانی نیشتیمانی دابەشکراو.

پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگایەتی لە مێژووی کوردستاندا خاوەنی گرینگیەکی تایبەتە. خەباتی پێشمەرگەکان باندۆر و کاردانەوەیەکی قووڵی هەبووە لە سەر رێکخراوە سیاسییەکان، فەلسەفەی خەبات و خۆباوەڕی گەلی کورد بە هێزی خۆی.

ئەو هێزە چەکدارە کە لە پەیوەست‌بوونی خۆبەخشانەی رۆڵەکانی گەلی کورد و ئازادیخوازان پێکهاتووە بە فیداکردنی گیانی خۆیان کە گەورەترین سەرمایەی ژیانی مرۆڤە لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا بوونەتە هۆی پێکهێنانی پەیوەندییەکانی خوێنی، عاتفی، هەستی و کولتووری لە نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای کوردستان، فەلسەفەی پێشمەرگە لە رێزی هەر رێکخراو و حیزبی سیاسی بێت، خاوەنی یەک ئامانجی هاوبەشە: رزگاری کوردستان.
 
پێشمەرگایەتی تەنیا بریتی نیە لە چەک هەڵگرتن و بەشداری کردن لە خەباتی چەکداری؛ لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا بە دەیان هەزار مرۆڤ بوونەتە پێشمەرگە، پەروەردەکراون و فێری شێوەی ژیانێکی نوێ بوونە لە سەر بناغەی فەلسەفەی خەباتکاری، ژیان دۆستی، ژینگەپارێزی، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و یاسامەندیەک کە پارێزەری کەڕامەتی مرۆڤە.

بەو شێوەیە پێشمەرگە تەنیا خەباتکارێک نیە کە گیانی خۆی فیدای گەلەکەی دەکات، بەڵکوو پێشمەرگایەتی شێوازێکی ژیانە. ئەمرۆ لە ناو گەلی کورددا پێشمەرگانە ژیان بەواتای ژیانێکی سادە، بێ غەل‌وغەش و راستگۆیانە، پاک و دۆستانە و هومانیستی و مرۆڤ پەروەرانەیە. 

پێشمەرگە و رەوتی خەباتی پێشمەرگایەتی بووەتە هۆی خوڵقاندنی زۆر دیاردە و پێڤاژووی نوێ لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا. هەستی باوەڕبەخۆبوون لە ناو خەباتی خەڵکی کوردستان، شکاندنی سنوور و تابۆکانی دەست و پێگیری خێلەکی لە سەر بنەمای ئابووری عەشیرەیی سەدەکانی ناوەڕاست و خوڵقاندنی چاند و فەرهەنگێکی نوێ کە لەودا کچان و کوڕان پێکەوە لە پێناو کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان خەبات بکەن، لەو شۆرشانەن کە پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگایەتی لە کوردستانیان خوڵقاندووە.
پێشمەرگە عاشقی ئازادی و سەربەستی کوردستانە، بۆیە پێشمەرگە تۆوی ئەوین و خۆشەویستی وڵات و هەستی نیشتیمانپەروەری لە هەموو جێگایەکی کوردستان بە خوێنی خۆی چاندووە. کەم شوێنی کوردستان هەیە کە پێشمەرگەیەک تێیدا شەهید نەبووبێت. کەم گوند، تەپۆڵکە و بڵندایی کوردستان هەیە کە پێشمەرگەکان لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان خۆڕاگری و قارەمانەتیان نەنواندبێت.

هەر نەتەوەیەک بیهەوێ مێژووی کورد و کوردستان بزانێت دەبێ چیرۆکی قارەمانیەتی پێشمەرگەکان بخوێنێتەوە. پێشمەرگە لەو روانگەیەوە سەمبۆلی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانە.

پێشمەرگە یەکەم هێزی چەکدرای رێکخراو بوو کە لە ژێر رێبەری و ئاڵای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا خەباتی خۆی لە پێناو ئامانجێکی سیاسی و بەپێی بەرنامە و پێرەوێکی سیاسی و ئامانجداردا دەستی کرد بە خەباتی پاراستنی نەتەوایەتی.

لە رێگای خەباتی پێشمەرگەکانەوە بزاڤی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە دژی ئاسیمیلاسیۆن، تواندنەوە و لەناوبردن و وێرانکردنی کوردستان بەرگری لە بوونی خۆی کردووە. جل‌وبەرگی پێشمەرگەکان لە هەموو سەردەمەکانی خەبات و بەرگری چەکدرایدا نموونەی هێزێکی بە پرەنسیب، خاوەن‌باوەڕ و رێکخراو بووە.

ئەمەش هاندەرێک بووە بۆ گەلی کورد بۆ خۆ رێکخستن و بڕوا بە هێزی خۆ بوون. نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی مێژوو دامودەزگا سیاسی و ئیداریەکانیان بە بەشێک لە دەوڵەتی ناوەندی زانیوە و خۆیان لێی دوور خستووەتەوە.

چونکە رێکخراو و ئۆرگانەکانی دەوڵەتی بە مەبەستی ئاسیمیلاسیۆن و لەناوبردنی گەلی کورد دامەزرابوون. بەو پێیە دژایەتی کردن و پەیوەست نەبوون بە رێکخراوە دەوڵەتیەکان مێتۆدێک بووە لە خەباتی مەدەنی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بە پێکهاتنی هێزی پێشمەرگە و بەرگری چەکدارانەی پێشمەرگەکان لە ژیر رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، فەرهەنگی باەوەڕبەخۆبوون و خۆ رێکخستن لە ناو خەڵکی کوردستاندا پەرەسی سەندووە.

فەلسەفەی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پاراستنی کیانی سیاسی خەڵکی کورد بوو. بنەمای خەباتی حیزبی دێموکرات بزاڤی مەدەنی و دێموکراتیکە بۆ دیاری کردنی مافی چارەنووسی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە پێناو باشتر کردنی رەوشی گەشەکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو بەشەی کوردستان.

گەلێک لە رێبەرانی بزاڤی نەتەوایەتی کورد خەباتی خۆیان بە پێشمەرگایەتی دەست پێکردووە. رێبەری کورد دوکتور قاسملوو پێشمەرگەی سەردەمی خەباتی نهێنی دوای رووخانی کۆماری کوردستان بووە،  دوکتور شەرەفکەندی و زۆربەی هەرەزۆری رێبەرانی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات خەباتی خۆیان لە پێشمەرگایەتیەوە دەست پێکردووە.

بۆیە پێشمەرگایەتی قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەی رێبەرانی سیاسی و هەنگاوێکە بۆ پێکهێنانی بنەماکانی ژیانێکی شۆڕشگێڕانە و هومانیستی و مرۆڤپەروەرانەی دێموکرات.

گەلی کورد هەمیشە خوازیاری ئەوە بووە پرسی کورد لە رێگای سیاسی و ئاشتی‌خوازانە چارەسەر بکرێت، بۆیە رێبەرانی سیاسی نەتەوەی کورد لە قازی، قاسملوو و شەرەفکەندیەوە بگرە هەتا رێبەرانی ئەمرۆ بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لایەنگری خەباتی بێ توندوتیژی و خەباتی مەدەنی، خەباتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانن بۆ گەیشتن بە مافەکانی مرۆڤی خۆیان.

پێشمەرگە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان بۆ پاراستنی بنەماکانی مرۆڤی خەڵکی کوردستان و رێگرتن لە تواندنەوە و لە ناوچوونی گەلی کورد دەستیان داوەتە چەکی بەرخودان و بە فیداکردنی گیانی خۆیان وڵات و نەتەوەی کورد دەپارێزن.

گەلێک هەڵبەستوان، شاعیر، نووسەر و گۆرانیبێژ پێشمەرگەیان کردووەتە سەمبولی ئاواز و هۆنراوە و نووسراوەکانی خۆیان. شوان پەروەر، ناسر رەزازی، گوڵستان پەروەر، نەجمەدین غوڵامی، عەدنان کەریم، مەرزیە رەزازی، عەیشەشان و دەیان هونەرمەندی دیکە سروودی پێشمەرگەیان کردۆتە وێردی سەر زمان.

پێشمەرگایەتی خوڵقێنەری ژیانی یەکسانە لە ناو کۆمەڵگادا. لە رۆژی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە هەتا ئەمرۆ کچان و ژنانی کوردستان چ وەک پشتیوانان و هاوکارانی پێشمەرگەکان و چ بە لە شان‌کردنی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بۆ ئازادی کوردستان و کۆمەڵگایەکی یەکسان لە کوردستاندا خەباتیان کردووە و قارەمانەتیان نواندووە. ئەمرۆ کچانی پێشمەرگە و شەرڤانی کۆبانی بوونەتە سەمبولی خۆڕاگری مرۆڤی لە بەرامبەر دڕندەیی و تێرۆر و رەشپەرەستیدا.

فەلسەفەی دیاری کردنی رۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک رۆژی پێشمەرگە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەنەتەوەیی کردنی یەکێک لە نرخ و بەهاکانی هەرە گرینگ و دیاری نەتەوەی کورد واتە پێشمەرگە و هەستی خۆڕاگری و خەباتکاری فیداکارانە دژی ژێردەستی و لە پێناو ئازادییە. پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی ئەمرۆ تەنیا نرخ و بایەخێکی رێکخراوی و سیاسی نین، بەڵکوو پێشمەرگایەتی بووتە بایەخێکی نەتەوایەتی، سەمبولی پاراستن، باوەڕبەخۆبوون، مرۆڤ دۆستی و ژینگەپارێزی  و فەلسەفەی رێزگرتن لە ژیان و ئازادی و بەها مرۆڤایەتیەکانە.

پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا بە فیدا کردنی گیانی پاکی خۆی نرخێکی گرانی داوە لە پێناو ئازادی و سەربەستی کوردستاندا بۆ ئەوەی پێویست نەکات نەوەکانی داهاتوو گیانیان فیدا بکرێت و ئازادی و کەڕامەتی مرۆڤیان لە مەترسی بکەوێت، هەتاکو ئەو ئاڵایەی کە پێشمەرگەکان بە خوێنی خۆیان راگرتووە ببێتە سەمبولی هەستی سەربەستی و گەشەکردن و پێشوەچوونی کورد و کوردستان.

رۆژی پێشمەرگە لە هەموو پێشمەرگە و شەرڤان و گەریلاکانی کوردستان پیرۆز بێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە