کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیست‌وهەشتمین رۆژی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد/ پشتیوانیی نێوخۆ و دەرەوە لە مانگرتوان

16:08 - 26 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری جەستەیی زیندانیانیی سیاسیی کوردی مانگرتووی زیندانی ئورمیە و هەڕەشەی هەمە لایەنەی بەپرسانی زیندان و بەرپرسانی رێژیم، دژکردەوەی چالاکانی مەدەنی و سیاسی و هەروەها ناوەندە کۆمەڵایەتی مەدەنی و نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتنی زیندانیانی زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا) پێی نایە بیست‌وهەشتەمین رۆژی خۆی.

مانگرتن لە خواردن زیندانیانی سیاسیی زیندانی ئورمیە بە پشتیوانی هەمە لایەنەی کۆمەڵگای مەدەنی لە نێوخۆی ئێران و پشتیوانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێبەجێ کردنی دواکاریی زیندانیانی بەدواوە بووە.

لەو پەیوەندییەدا رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا هەڵسوکەوت و گوشارەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێرانی بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیەی مەحکووم کرد.

چەند رۆژ پێش ئێستا یەک سەد و پێنج چالاکی مەدەنی کورد لە کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا روو لە سەرۆکی قووەی قەزائییەی رێژیمی ئێران داوایان کرد کە بە زووترین کات بە دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو، را بگەن.

لەو پەیوەندییەدا زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی دیکەی ئێران وەک زاهیدان، سـنە و زیندانەکانی باشوور و رەجایی شاری کەرەج پشتیوانیان لە زیندانیانی مانگرتوو دەربڕی و هەروەها چالاکانی مەدەنی کوردی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئورووپایی بە کۆبوونەوە و دەرکردنی بەیانیە پشتیوانی خۆیان لەوان دەربڕێ.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان سەرەڕای دۆخی نالەباری جەستەیی زیندانیانی سیاسیی کورد کە ماوەی چوار رۆژە مانگرتن لە خواردنی وشکیان دەست پێکردووە.
عەلیرەزا رەسووڵی، سیروان نژاوی، یوسف کاکەمەممی، عەبدووڵڵا حموودی، محەممەد ئەمین عەبدووڵاهی وعەلی ئەفشاری لەو زیندانیانەن کە دۆخی جەستەییان زۆر نالەبارە و هەروەها لە تازەترین حاڵەتدا، خزر رەسووڵ مروەت رۆژی رابردوو لە بیست‌وحەوتەمین رۆژی مانگرتن لە خواردن، تووشی خوێنڕێژی گەدە بووە.

بەرپرسانی زیندانی ئورمیە بێ هیچ سەرەنجدانێک بە دۆخی زیندانیانی سیاسیی و داواکاریی زیندانیانی سیاسیی کورد و جیا لەوەش، گوشار خستنەسەر زیندانیان دەیانهەوێ کە کۆتایی بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی بێنن.

هەتا ئێستا محەممەد عەبدووڵڵاهی، عەلی ئەفشاری و سامان نەسیم لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ئورمیە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنیان نەهێنن حووکمی ئیعدامەکانیان جێبەجێ دەکەن.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد سەرەڕای هەڕەشەی جیددی بەرپرسانی زیندان بەردەوام درێژەی هەیە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنیان دەدەن.