کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەرز راگیرا

19:00 - 26 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ٢٦ سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بەرز راگیرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێورەسمی ٢٦ی سەرماوەزی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی مستەفا هیجری سکرتێری گشتی، ئەندامانی رێبەری، کادر، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و مەسعوود تەک سکرتێری گشتیی پارتی سوسیالیستی باکووری کردستان و میوانانی دیکە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی تێکڕای شەهیدانی رێگای ئازادی و سەربەستی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان بە ناوی دەستەی بەڕێوەبەری رێوڕەسمەکانی حیزب لەلایەن بەڕێوبەرانی رێوڕەسمەکەوە بەخێرهاتنی بەشداربوان کرا.

دواتر، رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی – نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.

لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا، هەموو ساڵێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوحی رێزلێنان پێشکەش بەو پێشمەرگانە دەکات کە ٢٠ ساڵ لە ریزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندان.

ئەمساڵ ئەو خەڵاتە لەلایەن محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش بە ٦ پێشمەرگەی حیزب بە ناوەکانی حوسێن ستەمدیدە، بەهمەن دێهقان، جەهانگیر ئەتمانی، حەبیب حەسەن سفەت، نوورەدین سۆفیزادە و لوقمان شێخانی، کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن جەلال رەوانگەرد جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.

پاشان گورانییەکی لوڕی لەلایەن مەحموود خەزاییپێشمەرگەی حیزبی دێموکراتـەوە، پێشکەش کرا.

دوابەدوای ئەوەش پەخشانێک لە ژێر ناوی هەیڤا سەرماوەزێ لەلایەن پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتەوە بە ناوی فاخر مەولوودیـەوە پێشکەش کرا.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا گۆرانییەک لە لایەن هیوا محەممەدیـەوە پێشکەش کرا.

راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باس لەوەدەکات کە کۆمیتەی پشدەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی بتوینی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، کۆمەڵیک لە زیندانیانی سیاسیی مەهاباد و ئەنجومەنی پەنابەرانی سیاسیی ئێرانی لە سلێمانی بۆ ئەم رێوڕەسمە پەیامیان ناردبوو.

هەروەها، ئارەنان سنە، لە ناوخۆی کوردستانی ئێرانەوە، شێعرێکی بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو.