کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوروێژ/ دانیشتنی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەحمەد شەهید

12:45 - 27 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەحمەد شەهید لە وڵاتی نوروێژ چاوپێکەوتنی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئوسلۆ پێتەختی نوروێژ، لەگەڵ ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاری وباری مافی مرۆڤ لە ئێران چاوپێکەوتنی کرد.

لەم چاوپێکەوتنەدا نوێنەری حیزب و ئەحمەد شەهید، بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، تایبەتمەندی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، بەلوچستان و خوزستان، مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە و ئەرکی نەتەوە یەکگرتوەکان و هەروەها باڵوێزخانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەرەوە و کاری چاوەدێری‌کردنی چالاکانی بواری سیاسی و مەدەنی لەو بابەتانە بوون کە وتووێژیان لە سەر کرد.

لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، باس لە زەختی زیاتری کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی کرا.

عەزیم ئەلیاسی لە سەر تایبەتمەندی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەندێک ناوچەی جیاواز باسی لە کوردستان، بەلوچستان و خوزستان کرد. هەر لەم رووەوە باسی لە بە مینڕێژکراوی هێشتنەوەی بەشێکی زۆری سنوورەکانی کوردستان لەلایەن کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کرد و ئەوەی وەک شەڕێکی شاراوە لەلایەن تارانەوە دژ بە خەڵکی کوردستان وەسف کرد کە بەردەوام ژیانی تاکی کورد لەم ناوچانە دەکاتە قوربانی؛ لە لایەکی دیکەوە ئەلیاسی ئاماژەی بە تەقەکردنی هێزەکانی رێژیم لە کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکان کرد و ئەو کردارەی وەک سیاسەتێکی دژایەتی ئاخوندەکان لەگەڵ خەڵکی کوردستانی وەسف کرد.
لەم چاوپێکەوتنەی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەحمەد شەهید لە سەر ناوچەکانی بەلوچستان و خوزستان، باسی ئەوە کرا کە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لەم ناوچانەش لە کوردستان باشتر نییە و ئەم دوو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا کەوتۆنەتە بەر سیاسەتی هەڵاواردنی رێژیمی ئیسلامی و مافەکانی مرۆڤ لەلایەن رێژیمەوە لەم ناوچانە پێشێل دەکرێت.
ئەلیاسی لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ئورمیە کە لەم دواییانەدا مانگرتن لە خواردنی وشکیشیان دەستپێکردووە، ئاماژەی بەوە کرد کە ژیانی ئەم زیندانیانە لەگەڵ مەترسی جیددی بەرەوڕوو بووەتەوە و رێژیمی تاران نەک وڵامی داوخوازییەکانی ئەم زیندانیانەیان نەداوەتەوە، بەڵکوو بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەکات کە ئەگەر واز لە مانگرتنەکەیان نەهێنن؛ تووشی سزای سەختر دەبنەوە و هەڕەشەیان لە سامان نەسیم کردووە کە حووکمی ئیعدامەکەی جێبەجێ دەکەن.

لەم بارەوە داوا کرا کە نەتەوە یەکگرتوەکان پێویستە ئەرکی خۆی بە جێ بگەیەنێت و گوشارەکانی بۆ سەر رێژیمی ئیسلامیی ئێران زیاتر بکات بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بگۆڕێت.

لەم چاوپیکەوتنەی نوێنەری حیزب و ئەحمەد شەهید مەسەلەی سیخوڕی‌کردن و لەژێر چاوەدێری‌گرتنی تاکەکانی سەر بە ئوپوزسیونی ئێرانی و چالاکانی بوارەکانی مافی مرۆڤ و مەدەنی لەلایەن باڵوێزخانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە باسی لێکرا. ئەحمەد شەهید وتی: ئەوان لەم بارەوە ئاگادارن و دەزانن کە باڵوێزخانەی ئێران لە نوروێژ لەم بارەوە زۆر چالاکە.

هەروەها ئەحمەد شەهید باسی ئەوەی کرد کە مەسەلەی بە مینڕێژکراوی هێشتنەوەی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و خوزستان وەک بابەتێکی جیددی کاری لە سەر دەکرێت وداوای کرد کە ئەگەر بتوانرێت ئامارێک لە قوربانییانی مین و تەقەکردنی هێزەکانی ئێران ئامادە بکرێت و رادەستی ناوبراو بدرێت.