کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ چاوپێکەوتنی ئەحمەد شەهید لەگەڵ کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی

14:35 - 27 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارو باری مافی مرۆڤ لە ئێران، سەردانی شاری هامبورگی کرد و لەگەڵ کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی چاوپێکەوتنی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو سەردانە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری هامبورگ ئەنجام دراوە.

ئەحمەد شەهید لە سەردانێکی سێ رۆژەدا لە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیدا، چووبووە شاری هامبورگی ئاڵمان و چاوی بە ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران و چالاکانی مافی مرۆڤ و سیاسی کەوتبوو و لێکۆڵینەوەی لە کەشی نالەباری نێو زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کردبوو.

ئەحمەد شەهید لە رۆژی دووهەمی سەردانەکەیدا چاوی بە سێ چالاکی سیاسیی کورد کەوت کە پێشتر وەک زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێراندا بەند کرابوون.

ئەو سێ هەڵسووڕاوە کوردە ، لەو دیدارەدا لەگەڵ ئەحمەد شەهید بە وردی باسی دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد و بە تایبەت شێوازی ئازار و ئەشکەنجەدانی زیندانیان لە نێو زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان کرد و ژمارەیەکی زۆر بەڵگەی سەلمێنەریان تایبەت بە زیندانیانی سیاسی، رادەستی ئەحمەد شەهید کرد.

ئەحمەد شەهید لە ماوەی سێ رۆژ دیداردا توانی گوێبیستی قسە و باسی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران ببێ و بەڵگە و دیکۆمێنتی تایبەت لە سەر کەشی نالەباری زیندانەکان لە رابردوو و ئێستادا کۆ بکاتەوە .