کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی رێگای رزگاریی کوردستان

14:39 - 27 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: خانگوڵ عومەرزادە دایکی شەهید بەختیار سەرگوردان خەڵکی گوندی پیرانجۆق سەر بە ناوچەی ئورمیە بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، خانگوڵ عومەرزادە دایکی شەهید بەختیار سەرگوردان، شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی پیرانجۆق سەر بە ناوچەی ئورمیە بە هۆی نەخۆشی لە تەمەن ٦٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خانگوڵ عومەرزادە لە نێو ئاپۆڕای خەڵک، دۆستان و ئاشنایان لە ئورمیە بە خاک سپێردرا.

شەهید بەختیار سەرگوردان ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە شاری سەڵماس لە دایک بوو و ناوبراو پاش پەیوەست‌بوون بە ریزی
پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٧٤ی هەتاوی لە جێژنیکان پێوەست بە ریزی کاروانی شەهیدان بوو.

هەروەها، برایەکی خاتوو خانگوڵ بە ناوی عەلائەدین عومەرزادە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی لە بنەماڵە و کەس و کاری خاتوو خانگوڵ عومەرزادە دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.