کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی بۆ پاڵپشتی لە مانگرتوانی بەندکراوی کورد، راگەیەندراوێکیان دەرکرد

13:52 - 29 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە دەست پێشخەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران - ژنێڤ، ٢١ رێکخراوی نێونەتەوەیی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوا لە رێژیمی ئێران دەکەن کە هەرچی زووتر بە دەنگ داواکاریەکانی زیندانیانی سیاسی کورد کە ماوەی مانگێکە دەستیان بە مانگرتن کردووە، بچێ.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٩ی سەماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵە و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، داوا لە حکومەتی ئێران دەکەن کە بە زووترین کات، بە دەنگ داواکاریی زیندانیانی سیاسی کورد کە ماوەی مانگێکە دەستیان بە مانگرتن کردووە بچێ و هەروەها سەرجەم ئەو رێکخراوانە، بەگشتی داوا لە حکومەتی ئێران دەکەن کە بە دۆسیەی ئەو زیندانیانەدا بچێتەوە؛ لەبەر ئەوەی کە مافەکانیان پێشێل کراوە.

شیرین عەبادی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبل دەڵێ: لە یاسادا گرنگترین بەش ئەوەیە کە کار بە یاسا بکردرێ. بەداخەوە، لە ئێران کەسانی پێوەندیدار، یاساکان لە پشت گوێ دەخەن و یان کاریان پێناکەن و هەروەها دەڵێ: جودانەکردنەوەی بەندکراوە سیاسیەکان لەگەل ئەو کەسانەی کە بەهۆکاری دیکەوە زیندانی کراون، بۆتە هۆی ئەوەی کە هەموو بە یەک چاو سەیر بکردرێن و هەڵسوکەوتی ناشیرین لەگەل زیندانیە سیاسیەکان بکردرێ.

بەرپرسانی زیندان تا ئێستا بە هەرەشەی کوشتن، لێدان و گواستنەوە بۆ گرتووخانەکانی باشووری وڵات، هەوڵی ئەوەیان داوە کە ئەو بەندکراوانە بخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی کە ناچاریان بکەن کە واز لە مانگرتنەکەیان بهێنن. بەڵام بەندکراوەکان رایانگەیاندووە کە ئەوان تا بەدەستهێنانی مافەکانیان لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

بەپێی دوایین زانیاریەکان رەزا رەسولی، یوسف کاکەمامی، شێرکۆ حەسەنپوور، سیروان نەجاوی، عەبدوڵڵا عمومی و هەروەها محەممەد عەبدوللاهی لە ئاکامی ئەو مانگرتنە یەک مانگەیەدا لە دۆخیێکی تەندرووستیی مەترسیداردا دەژین.

بە پێی مادەی ٣٩ ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، هەڵسوکەوتی دژبەر لەگەل کەرامەتی کەسانی بەندکراو قەدەغەیە. جگە لەمەش هەندێک بەند و یاسای دیکە داوای جوداکاری لەنێوان بەندکراوەکاندا دەکەن؛ بەپێی ئەو تاوانانه‌ی کە ئەنجامییان داوە. بە پێی زانیاریەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکاری لە مافەکانی مرۆف ئێستا ٩٠٠ کەس بە هۆکاری سیاسیی و یان عەقیدەیی گیراون کە ٤٠٠ لەوان کوردن.

ئەو رێکخراوانە لەو باوەرەدان کە زرۆینەی ئەو ٢٩ کەسە کە مانیان گرتووە، سزا دراون لە پەیوەندی لەگەل مافە سەرەتاییەکانی ئەوان؛ واتە ئازادی رادەربرین و ئازادی کۆبوونەوە و هەبوونی رێکخراوە و هەروەها بە شێوەیەکی ناعادڵانە دادگایی کراوون. هەروەرها ١٠ کەس لەو بەندکراوانە کە بە سزای لەسێدارەدان حوکم دراون، تاوانەکانیان گرێدراوە بە مەترسی خستنەسەر تەناهیی نیشتمانی.

توندوتیژیی جەستەیی و ئەو مەترسیانەی کە لەسەر ژیانی بەندکراوان هەیە؛ بە ئاشكرا دژایەتییان لەگەل یاسا نێونەتەوەییەکان، بەتایبەت مادەی ٧ی کۆنڤێنسیۆنی پێوەندیدار بە مافە سیاسیی ومەدەنییەکان هەیە کە ئێران واژۆی کردوە.

تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان ئێران-ژنێڤ، لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەو بارەیەوە وتی: زیندانیانی سیاسی کورد دەیانهەوێ بە دونیا بڵێن کە ئەوان چاوپۆشی لە مافەکانی خۆیان ناکەن و بێزارن لە پێشێلکردنی مافەکانیان لە لایەن رێژیمی ئیسلامی و ئێمەش دەمانهەوێ پێیان ڕابگەیەنین کە پشتگیری لە داوا ڕەواکانیان دەکەین و لە بیریان ناکەین و کۆماری ئیسلامی بەرپرسیاری ژیانی ئەوانە و خوازیارین کە مافەکانیان بپارێزرێن.

لە پێوەندی لەگەل مانگرتنی بەندکراوانی سیاسیی گرتووخانەی ورمێ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەلەی مەدەنی واژۆکەری ئەو بەیاننامەیە، ئەو داواکارییانەی خوارەوەیان ئاراستەی کاربەدەستانی حکومەتی ئێران کرد:

ئا. پێویستە هەرچی زووتر و بەبێ مەرج زیندانیانی سیاسی زیندانی ورمێ لە کەسانی دیکە کە به‌ تاوانی دیكه‌ سزادراون؛ جودا بکرێنەوە
ب. دەبێ خزمەتگوزاریی لەشساغی بۆ ئەو بەندکراوانە دابین بکرێ
پ. دەبێ زیندانیانی سیاسی لەهەر چەشنە ئەشکەنجەیەک بەدوور و پارێزراو بن

ت. دەبێ دیسانەوە چاو بە پەروەندەی زیندانیانی سیاسیی ورمێدا بخشێنرێتەوە و سزای لەسێدارەدانیان لەسەر لاببرێ و هەروەها دەبێ هەموو ئەوانەی کە تەنیا بەهۆی پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانیان وەک ئازادی رادەربرین و یان ئازادی پێکهێنانی کۆر و کۆمەلە بەندکراون، ئازاد بکرێن.

ناوی رێکخراوەکانی پشتیوانی ئەم ڕاگەیندراوە هاوبەشە:

١) کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەر لە نەتەوەیەکگرتووەکان
٢) ناوەندی بەرگری لە تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ، شیرین عیبادی، خاوەنی خەڵاتی ئاشتی و پارێزەر
٣) رێکخراوەی فەرانسەیی پێکەوە خەبات بۆ نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان، رافائیڵ شنۆی
٤) رێکخراوی نێونەتەوەیی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، دوکتۆر کارن پارکر
٥) رێکخراوی نێونەتەوەیی پەرەپێدانی خوێندن، لیدیا برۆزن
٦) رێکخراوی نەتەوە مەترسی لە سەرەکان، کریستۆ ویدمێر
٧) رێکخراوی عەداڵەت بۆ ئێران، شادی سەدر
٨) رێکخراوی ئیتیحاد بۆ ئێران، فیروزە مەحموودی
٩) ناوەندی بروومەندی عەبدوڕەحمان، ڕۆیا بروومەند
١٠) ناوەندی مەدارەکی مافی مرۆڤی ئێران، ڕاد سەنجابی
١١) رێکخراوی تەئسیر بەر ئیران، سەرۆک مانی مستەفەویی
١٢) رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، مەحموود موقەدەم
١٣) کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران
١٤) عەرسەی سێوم، کامران عشتاری
١٥) گرووپی بەلووچی بۆ مافەکانی مرۆڤ، موحەممەد ئەربابی
١٦) رێکخراوەی مافی مرۆڤی ئەحوازی ئوروپا، ئیبراهیم ئەل
١٧) کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤی هاورەگەزگەراکان گرایان، جسیکا ستێرن
١٨) رێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ، کەیوان ڕافیعی
١٩) رێکخراوی سماڵ میدیا، دوکتۆر مەحموود عەنایەتی
٢٠) رێکخراوی تەبایی نێونەتەوەیی، موحەممەد مستەفایی
٢١) رێکخراوی ئەڵمانی نەتەوە مەترسی لە سەرەکان، کەماڵ سیدۆ