کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە مانگرتوانی سیاسیی کورد، خۆپیشاندانێک لە بەردەم پارلەمانی ئۆرووپا بەڕێوەچوو

14:52 - 29 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پاڵپشتی لە مانگرتنی زنیدانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، خۆپێشاندانێک لە بەردەم بنکەی پارلەمانی ئورووپا لە شاری برۆکسێل بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتوو، بەدەستپێشخەریی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک کە لە چەند حیزبی سیاسی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهاتووە و بە بەشداریی کۆمەڵێک چالاکڤانی مەدەنی لە بلژیک، خۆپێشاندانێک لە بەردەم بنکەی پارلەمانی ئورووپا لە شاری برۆکسێل بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکە بەشداربوان لە سەر ئامانجی ئەم خۆپێشاندانە و بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی کورد، بە کورتی قسەیان کرد.

دواتر پەیامی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک و چالاکڤانانی مەدەنیی کورد لەم وڵاتە بە چەند زمان، لەلایەن ئەم هاوڕێیانەوە خوێنداریەوە:

پەیام بە زمانی کوردی لەلایەن ناسکە نەسیریزادە
پەیام بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن حیسام دەستپیش
پەیام بە زمانی هۆلەندی لەلایەن خاتوو ئەمینە
پەیام بە زمانی فەرانسەوی لەلایەن عەلی نیک‌رەوش
پاشان، بەشداران بە وتنەوەی دروشم، پشتوانیی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی کورد، دووپاتکردەوە و لە درێژەی خۆپێشاندانەکە، سەدان پەیامی چاپکراو بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرانسەوی و هۆلەندی لە نێو خەڵکدا دابەشکران.

لە کۆتاییدا، سەرجەم ئەو نووسراوانە بە سێ زمان بۆ سەرۆکی پارڵمانی ئورووپا بەرێکران.