کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگە لە ناوەندی ٣ی کوردستان، بەڕێوەچوو

16:17 - 29 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ناوەندی ٣ی کوردستان، بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێک؛ رۆژی پێشمەرگەی کوردستانی بەرز راگرت.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەبەشداریی کادر و پێشمەرگە و میوانانی و هەروەها ئەندامانی کۆمیتەکانی سۆران، هەولێر و جێژنیکانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، رێوڕەسمێک بۆ ریزگرتن لە رۆژی پیشمەرگەی کوردستان بەڕیوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

بڕگەی دووهەمی رێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی پەیامی ناوەندی ٣ی کوردستان کە لەلایەن کەماڵ خزری، ئەندام و بەرپرسی بەشی پەروەردەی ناوەندی ٣ی کوردستانەوە، خوێندرایەوە.

پێشکەشکردنی سروودی لە کوردستان، لە ناوەندی گڕ و هەستان لەلایەن گرووپی مووزیکی کۆمیتەی هیوای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان ئێران، بەشی دواتری رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی کوردستانی لە ناوەندی سێ پێک هێنابوو.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، پەیامی یەکیەتیی لاوان و ژنان، لە لایەن خالید پەیغامی، ئەندامی یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کرا.

دواتر، پەخشانێک لەلایەن، حیکمەت نەبی‌زادە، پیشمەرگەی حیزبی دێموکراتەوە خوێندرایەوە.

پاشان، سروودی من پێشمەرگەی کوردستانم لەلایەن کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانەوە لە ناوەندی ٣ی کوردستان، پێشکەش کرا.

خەڵات کردنی چەندین کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە کاتی بەشداریی کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبەرەکانی سەڕ دژی داعشدا، ئەرکی حیزبی و پێشمەرگایەتییان وە ئەستۆ گرتبوو، بەشێکی دیکە لە رێوڕەسمەکەی پێکهێنابوو.

بە پێی ئەم راپۆرتە، کۆمیتەکانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە سۆران، هەولێر و جێژنیکان بۆ رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا لە ناوەندی ٣ی کوردستان، برووسکەیان ناردبوو.

رێوڕەسمی رۆژی پیشمەرگە لە ناوەندی ٣، بە شایی و گۆڤەند کۆتایی پێهات.