کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی بەرزراگرتنی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان سێمینارێك لە وڵاتی دانمارك بەرێوەچوو

13:48 - 30 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە بۆنەی بەرز راگرتنی٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان سێمینارێك لە شاری ئاڵبۆرگی وڵاتی دانمارك بەرێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە شاری ئالبۆرگی وڵاتی دانمارك، سێمینارێكی بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی حیزب لەو شارە بۆ لێدوانی سلێمان كەڵەشی پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران رێکخست.
سەرەتای سێمینارەکە بە یەک خولەک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

پاشان ئەحمەد خانی بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی ئالبۆرگ بە خێرهاتنی ئامادە بووان، نوێنەرانی حیزب و رێکخراوەکانی بەشداربوو کرد.
پاشان سلێمان کەڵەشی قسەكانی خۆی بە کورتە باسێك سەبارەت بە ناوی پێشمەرگە و چۆنیەتی ناولێنانی لە سەرەتای کۆماری کوردستان لە مەهاباد پێشكەش كرد.

دواتر كەڵەشی لە وتەكانی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە خەباتی پێشمەرگە بۆ ئازادی و بەختیاریی گەلی كورد، جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت ئەندامانی حیزبی دێموكرات وەك ھەمیشە پشت و پەنای ئەو حیزبە بن.
ناوبراو لە بەشێكی دیكە لە قسەكانیدا، ئاماژەی بە باردۆخی ھەستیاری ناوچە و بە تایبەتی كوردستان كرد و دووپاتی كردەوە كە نەتەوەی كورد بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی؛ پێویستی بە یەكگرتن ھەیە و ئەركی سەرشانی ھێزە كوردییەكانە كە ئەو یەكگرتنە پێک بێنن.

كەڵەشی لە بەشی كۆتایی وتەكانیدا ئاماژەی بە شوێن دانەریی پێشمەرگەی کوردستان لەشەڕی دژی داعش کرد و هەروەها رۆڵی ژنان وەك شەرڤان و پێشمەرگە لە کۆبانی رۆژئاوای کوردستانی بەرز نرخاند.

لە کۆتایی سیمینارەكەدا ئامادەبوان بە تێبینی و پرسیار سەبارەت بەو رۆژە، بەشدارییان لە باسەكەدا كرد.